رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، دەستپێکردنی نەوەی سێیەمی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی رایگەیاند. سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ: 85٪ رێکارەکان کەمدەکاتەوە و هاووڵاتی لە یەک رۆژدا پاسپۆرتی بۆ دەردەچێت.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێ "پرۆژەی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی وەرچەرخانێکی جۆرییە لە پێشڤەچوونی مامەڵە و وەرگرتنەوەی پاسپۆرتەکان لە رووی کوالێتی و خێراییدا".
لەبارەی کوالێتیی پاسپۆرتەکەوە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت "ئەم پاسپۆرتە نوێیە، بەرزترین تایبەتمەندیی ئەمنی و تەکنیکی نوێی هەیە، بەپێی پێوەرەکانی رێکخراوی فڕۆکەوانی شارستانی نێودەوڵەتی (ICAO) .پەڕەکانی لە مادەی پۆلیکاربۆنایت دروستکراون کە ساختەکاریی تێیدا ناکرێت و تێکناچێت. بە لێزەر چاپدەکرێت، لە چەند چینێک پێکدێت. نیشانەی ئەمنی و تەکنیکیی بینراو و نەبینراوی هەیە. زانیاری کەسی تێدایە، دەتوانێت بە هەموو دەروازە ئەلیتکترۆنییەکانی سەرجەم فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکان تێپەڕێت. پەڕەکانی پاسپۆرتە نوێیەکە وێنە و نەخش و نیگاری جۆراوجۆری لە خۆگرتووە، کە نیشانە و هێما دێرینەکانی وڵاتی نێوان دوو رووباری لە خۆگرتووە".
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئێوارەی دووشەممە 06-03-2023، بە چاودێریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق و بەدواداچوونی بەڕێوەبەری باری شارستانی و پاسپۆرت نشینگە، نەوەی سێیەمی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی دەستیپێکرد.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودنی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەنجەرەی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی کردەوە و سەرپەرشتی دەرکردنی یەکەم پاسپۆرتی ئەلیکترۆنیی کرد. "ستایشی هەوڵی کارمەندانی بەڕێوەبەری باری شارستانی و پاسپۆرت نشینگەی کرد".
پاسپۆرتەکە تایبەتمەندی تەکنیکی بەرزە و بەپێی پێوەرەکانی رێکخراوی فڕۆکەوانی شارستانی نێودەوڵەتی (ICAO)ـیە. سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی "نزیکەی 85٪ رێکارە کاخەزی و کارگێڕییەکان کەمدەکاتەوە و لە ماوەی رۆژێکدا هاووڵاتی پاسپۆرتی بۆ دەردەچێت".
زیاتر لە سێ مانگە نوێکردنەوە و دەرهێنانی پاسپۆرت بەهۆی نەبوونی دەفتەری پاسپۆرتەوە راگیراوە، تەنیا ژمارەیەکی کەم بەردەست بووە بۆ ئەوانەی بەپەلە پێویستیان پێی بووە وەکو نەخۆش و خوێندکاران ئەوانەی پێویست بووە بچنە دەرەوەی وڵات.
لیوا هێرش ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی رەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگەی هەرێمی کوردستان، رۆژی 20-02-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو "کێشەی نەمانی دەفتەری پاسپۆرت لە عێراق کێشەیەکی گشتییە." هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە "عێراق دەیەوێت پاسپۆرتی نوێ دەربهێنرێت و ئەلیکترۆنی بێت، بەڵام هێشتا دیارنییە، گوایە لە بەغدا دەستکراوە بە تاقیکردنەوەی پاسپۆرتە نوێیەکە، بەڵام ئەنجامەکانی دواتر دەردەکەون".
پاسپۆرتى ئەلیکترۆنى کە جێگەى پاسپۆرتى ئێستا دەگرێتەوە، بەگوێرەى وەزارەتى ناوخۆى عێراق، ئەو پاسپۆرتە 17 نیشانەى تایبەتى هەیە بۆ رێگرى لە ساختەکردنى.
عەمیدی مافپهروهر سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی لەبارەی گۆڕینی پاسپۆرتی عێراق رۆژی 21-12-2022، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو "پاسپۆرتە نوێیەکە لە رووی زانیاری و وێنە و دیزایین و کۆمەڵێک رێوشوێنی دیکەوە جیاوازە، ئەم پاسپۆرتە پشت بە دیزاینی ئەوروپی- ئەمریکی دەبەستێت، بە نموونە پاسپۆرتە نوێیەکە کە ئەلیکترۆنی دەبێت کاغەزەکانی پێچەوانەی پاسپۆرتی ئێستا دەبێت کە نووسینەکانی بە مەرەکەبە بە تایبەت کاغەزی یەکەمی، بۆیە لەکاتی تەڕبوون تێکدەچێت، بەڵام نوێیەکە تێکناچێت، هەروەها زانیاریی وردی تێدایە و چەندین رێگریی ئەمنی تێدایە بۆ رێگری لە ساختەکردنی".
لەبارەی دیزایینەکەشی گوتی: "لە رووی دیزایینەوە سوود لە پاسپۆرتی ئەمریکی وەرگیراوە لەسەر لاپەڕەکانی ناوەوەی وێنە و هێمای پارێزگا و شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی تێدایە، لە هەرێمی کوردستان بە نموونە قەڵای هەولێر و منارە و پردی دەلال لە زاخۆ و مۆنیومێنتی شەهیدان لە هەڵەبجە و هی دیکەشی تێدایە، وەکو چۆن لە پاسپۆرتی ئەمریکی هێما و وێنەی ویلایەتەکانی تێدایە".
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی دیکەی پاسپۆرتەکە روونیکردەوە: "یەکێک لە دیارترین گۆڕانکارییە نوێیەکانی پاسپۆرتی نوێ ئەوەیە لەکاتی گەشتکردن یان هاتنەوە لە فڕۆکەخانەکاندا پێویست بەوە ناکات کەسەکە بچێتە لای ئەفسەری پاسپۆرت و پاسپۆرتەکەی نیشانبدات، بەڵکو لە رێگەی ئامێری پشکنینەوە هاووڵاتی خۆی کارەکە دەکات و ئەمەش رۆتین کەمدەکاتەوە".
پاسپۆرتى عێراق لە پلەى 94ـدایە لە ریزبەندى پاسپۆرتەکانى جیهان، لەکاتێکدا پاسپۆرتى سووریا لە پلەی 95 و پاسپۆرتى ئەفغانستان لە پلەی 96ـی کۆتایی ریزبەندییەکەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ