دەر‌هێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت کرایە ئەلیکترۆنی و تێچووەکەشی زیادکرا

16-07-2023
سۆران حوسێن
نیشانەکردن پاسپۆرت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەمڕۆوە سیستمی کۆنی پاسپۆرت کاری پێناکرێت و لە هەولێر سیستمی نوێ دەستپێدەکات و بڕیارە لە رۆژی چوارشەممەوە لە سلێمانیش دەستپێبکات. بە گوێرەی سیستەمە نوێیەکە تێچووی دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت لە 29 هەزار دینارەوە دەبێتە 91 هەزار دینار.
 
رۆژی یەکشەممە 16ـی تەمموزی 2023، نەقیب بەیان جەمال، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پاسپۆرتی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەمڕۆوە کار بە سیستمی کۆنی پاسپۆرت ناکەن و ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی سبەی لە رێوڕەسمێکدا دەستپێکردنی دەرکردنی پاسپۆرت بە سیستمی نوێ رابگەیێنن.
 
سیستمی نوێی پاسپۆرت لە هەرێمی کوردستان بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت و کوالێتیی پاسپۆرتەکە بەراورد بەوەی پێشوو گۆڕانکاری تێدا دەکرێت. هەروەها بۆ دەرهێنانی 91 هەزار دینار لە خاوەنی پاسپۆرتەکە وەردەگیرێت، لەکاتێکدا پێشتر پێویستی بە چەکێکی 29 هەزار دیناری هەبوو. هەروەها دەبێت کەسەکە ڤیزا کارتی هەبێت و راستەوخۆ پارەکە بخاتەسەر ئەو هەژمارە بانکییەی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت دیاری دەکات.
 
یەکێکی دیکە لە گۆڕانکارییەکانی دەرهێنانی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی ئەوەیە، لەمەودا ئەو کەسەی پاسپۆرت دەردەهێنێت یان نوێی دەکاتەوە، تەنیا کارتی نیشتمانی و کارتی زانیاریی پێویستە.
 
لە سلێمانی، سبەی لە رێوڕەسمێکدا سیستەمە نوێیەکە رادەگەیێندرێت، دووسبەی پشووی فەرمییە و رۆژی چوارشەممەش مامەڵەکردن بە شێوەی ئەلیکترۆنی لە بەڕێوەبەرایەتییەکە دەستپێدەکات.
 
هەروەها بڕیارە دەرهێنانی پاسپۆرت بەشێوەی ئەلیکترۆنی لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە