سەرچاوەیەکی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ رووداو: ئەم ساڵ کێشەی نەختینەمان نابێت

16 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەکی باڵا لە بانکی ناوەندیی عێراق بە رووداوی گوت، 112 ملیار دۆلار یەدەگیان هەیە، بۆ ئەم ساڵیش هیچ کێشەیەکی کەمبوونەوەی پارەی نەختینەیان رووبەڕوو نابێتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2025، سەرچاوەیەکی باڵا لە بانکی ناوەندیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو کێشانە دەگەڕێتەوە کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا هەن، زۆرینەی کێشەکانیش ئیدارین و نکۆڵیش لەوە ناکرێت کە بەشێکیشیان سیاسین، ئاگاداری ئەوەین کە هەوڵی جیدی بۆ چارەسەرکردنیان هەیە."
 
ئەو سەرچاوەیەی بانکی ناوەندی دەڵێت: "کاری ئێمە وەکو بانکی ناوەندی لە پرسی مووچە، تەنیا جێبەجێکردنی راسپاردەکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵییە، کە بە نووسراو راماندەسپێرن بۆ دابینکردن و ناردنی دیناری پێویست بۆ مووچە بۆ بانکەکان، بۆیە ئێمە لە هیچ گرفتێکی مووچە نە بەرپرسین، نە زانیارییەکی ئەوتۆشمان هەیە."
 
لەبارەی پرسی پارەی نەختینە، سەرچاوەکەی بانکی ناوەندی گوتی: "دۆخی پارەی نەختینەی عێراق سەقامگیرە و بەدرێژایی ئەم ساڵیش هیچ کێشەیەکی نەبوون یان کەمبوونەوەی پارەی نەختینەمان نابێت و بەبێ کێشە دەتوانین پارەی مووچە دابین بکەین، نەک تەنیا بانکی ناوەندی، بەڵکو وەزارەتی داراییش نەختینەی پێویستی هەیە."
 
بەگوێرەی سەرچاوەکەی بانکی ناوەندی، "عێراق ئێستا بە بەهای 112 ملیار دۆلار، زێڕ، یۆرۆ، دۆلار، یەن، یوان و تمەنی هەیە. هەروەها زیاتر لە 104 ترلیۆن دینار پارەی کاش لای حکومەت، نێو بازاڕ و تەواوی دامەزراوەکانی دیکەی وڵاتدا هەن."
 
سەبارەت بە بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەران، ئەو سەرچاوە باڵایەی نێو بانکی ناوەندی گوتی، "ئێمە هیچ جیاوازییەک لە نێوان پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران لە رێگەی 'هەژماری من' و بەجێکردن لە پارێزگاکانی عێراقدا نابینین."
 
سەرچاوەکە باسی کردنەوەی لقەکانی بانکی رافیدەین و رەشیدی لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "بانکی رەشید و رافیدەینیش ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکیان کرد، دەیانەوێت هەیکەلی بانکەکانیان نوێ بکەنەوە و هەندێک گۆڕانکاری ئیداریی بکەن، رەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا لقەکانیان لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە، ئێمەش هاوکاریان دەبین."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە