ئاگر لە ناوچەی پیشەسازی بەغدا کەوتووەتەوە؛ 12 کەس لەنێو باڵەخانەکەدان و رزگار نەکراون

06-11-2022
گۆڤەند مستەفا
 دیمەنێک لە ئاگرەکەی ناوچەی پیشەسازیی بەغدا. وێنە: رووداو
دیمەنێک لە ئاگرەکەی ناوچەی پیشەسازیی بەغدا. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە ئاگر لە باڵەخانەیەکی 3 نهۆمی لە ناوچەی پیشەسازیی بەغدا کەوتووەوە، سەرەڕای هەوڵی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، نەتوانراوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت. بەگوتەی شایەدحاڵەکان، زیاتر لە 12 کەس لەنێو باڵەخانەکەدان و رزگار نەکراون. 
 
ئەنمار غازی، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، لە کاژێر 12ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 06-11-2022، ئاگر لە باڵەخانەیەکی سێ نهۆمی لە ناوچەی شۆرجەی زەیونە کە ناوچەیەکی پیشەسازییە و چەندین کۆگای تێدایە کەوتووەتەوە.
 
سەرەڕای هەوڵەکانی تیمەکانی بەرگریی شارستانی بە بەشداری زیاتر لە 50 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە لە بەرگریی شارستانی هەردوو بەری کەرخ و رەسافەی بەغدا، بەڵام تاوەکو دێت ئاگرەکە زیاتر تەشەنە دەکات. 
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا لە بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 08:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە شاهۆ ئەمین پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، ئاگرەکە کۆنترۆڵنەکراوە، تەنانەت بەشێکی باڵەخانەش داڕما. 
 
پەیامنێری رووداو بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی تیمەکانی بەرگریی شارستانی و شایەدحاڵەکان ئاماژە بەوە دەدات، زیاتر لە 12 کەس لەنێو باڵەخانەکەدان و تاوەکو ئێستاش کەسیان رزگار نەکراون. 
 
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو 12 کەسە، پەیامنێری رووداو دەڵێت، ئەگەرچی تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە هەوڵدابوون ئەو 12 کەسە رزگار بکەن، بەڵام دوای داڕمانی تەواوەتی بەشێکی باڵەخانەکە ئاسان نییە سۆراخیان بکرێت. کەسوکارەکانیشان ئاماژە بەوە دەدەن، مۆبایلەکانیان داخراوە و چارەنووسیان نازانن.
 
لە کاتی داڕمانی بەشێکی باڵەخانەکەش حەوت کارمەندی تیمەکانی بەرگریی شارستانی برینداربوون، بەهۆی ئەوەی بەشێکی دیواری باڵەخانەکە کەوت بەسەریاندا.  
 
هەروەها وەزیری ناوخۆی عێراق داوا لە سەرجەم هێزەکانی بەرگریی شارستانی و هێزەکانی دیکە کرد بەهانای تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بچن، هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە بدەن تاوەکو زیانەکان لەوە زیاتر نەبێت. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە