رووداو دیجیتاڵ
دوای توندکردنەوەی رێکارەکانی بانکی ناوەندی بۆ رێگریکردن لە بەقاچاخبردنی دۆلار، بەشێک لە دۆلارفرۆش و خاوەن نووسینگەکانی دراو لە بەغدا ناڕازین لەو رێوشوێنانە و دەڵێن، "ئێمە پێویستیی گەشتیاران پڕدەکەینەوە، ئەوان داوای دۆلار دەکەن، بەڵام دۆلار لە بازاڕدا نییە."
دۆلارفرۆش و خاوەن نووسینگەکانی دراو ناڕەزایی دەردەبڕن، خۆپێشاندان دەکەن و چوونەتە بەردەم بانکی ناوەندیی عێراق. ئێستا بەهۆی رێوشوێنەکانی بانکی ناوەندییەوە ژمارەیەک لەو نووسینگانە لە کارکردن راگیراون و دۆلاریان پێنادرێت.
عەباس غێتلى، جێگرى سەرۆکى رابیتەى کۆمپانیاکانى دراو دەڵێت، "داوا دەکەین رێوشوێنەکان لەسەر کۆمپانیاکانى ئاڵوگۆڕى دراو کەم بکرێتەوە، ئەمڕۆ کۆمپانیاکان رووبەڕووى راگرتنى بەکۆمەڵ دەبنەوە، ئەمە بازرگانی و بازاڕى ئابوورى تووشى شڵەژان دەکات، ئێمە توێژێکى کۆمەڵایەتین کە پێویستیى بازاڕ و گەشتیاران پڕدەکەینەوە، ئێستا گەشتیاران لەبەردەم کۆمپانیاکانى ئاڵوگۆڕى دراو کۆدەبنەوە و دۆلاریان دەوێت، بەڵام دۆلاریش نییە."
بانکى ناوەندى لە رێگەى سەکۆیەکى ئەلیکترۆنییەوە دۆلارێک بە هەزار و 310 دینار دەفرۆشێت بەو کۆمپانیایانە لەدواى وردبینیى داواکارییەکانیان، بەهۆى ئەو رێوشوێنانەوە داواکاریى بەشێکیان بۆ کڕینى دۆلار رەتدەکرێنەوە، بەشێکى دیکەی کۆمپانیاکانیش دەخرێنە لیستى رەشى بانکى ناوەندییەوە.
ئەیاد تائی، خاوەنى کۆمپانیاى ئاڵوگۆڕى دراو لەبارەی رێوشوێنەکانی بانکی ناوەندییەوە گوتی، "کۆمپانیاکانى ئاڵوگۆڕى دراو پێویستیان بەوەیە رۆڵى پێشوویان کارا بکرێتەوە کە لە بازاڕدا هاوسەنگیى دروستکردبوو، رێوشوێنەکانى ئەم دواییەى بانکى ناوەندى دروست نین و هەڵەن، دەیانەوێت کۆتایی بەم توێژە بهێندرێت."
پاساوى بانکى ناوەندى بۆ تووندکردنەوەى رێکارەکانى فرۆشتنى دۆلار بۆ رێگرییە لە بەقاچاخبردنى بۆ دەرەوە. ترسی دۆلارفرۆشانیش لە داهاتووى رێوشوێنەکانە بۆ فرۆشتنى دۆلار، کە بڕیارە لە سەرەتاى ساڵی 2024 بانکى ناوەندى تووندترى بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ