عێراق
وەزیرانی بەرگریی ئیسرائیل و ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان لە تەلئەڤیڤ، وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی بەرگریی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشەکەی رۆژی دووشەممەی سەر بنکەی عەین ئەسەد بە "هەڵچوونێکی مەترسیداری گرژییەکان" ناودەبەن.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ یواڤ گالانتی هاوتا ئیسرائیلییەکەی کردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئۆستن و گالانت "هاوڕا بوون کە هێرشی میلیشیاکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای عێراق، هەڵچوونێکی مەترسیداری گرژییەکانە و رۆڵی تێکدەرانەی ئێران لە ناوچەکە نیشاندەدات."
ئەوە لەکاتێکدایە؛ شەوی دووشەممە، بە ژمارەیەک مووشەک هێرش کرایە سەر بنکەی ئاسمانییەکەی پارێزگەی ئەنبار. بەرپرسانی بەرگریی ئەمریکا رایانگەیاندبوو لانیکەم 7 سەرباز و کەسی سڤیل لە هێرشەکەدا برینداربوون.
هێرشەکە لە کاتێکدا هات کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەبەردەم ئەگەری فراوانبوونی گرژییەکاندایە و ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانی هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل دەکەن بۆ ئەوەی تۆڵەی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی و فوئاد شوکر، کەسایەتیی دووەمی حیزبوڵڵا بکەنەوە.
پێنتاگۆن دەڵێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا "جەختی لە پابەندبوونی نەگۆڕی ئەمریکا بە [پاراستنی] ئاسایشی ئیسرائیل دژی هەڕەشەکانی ئێران، حیزبوڵڵای لوبنانی و میلیشیاکانی دیکەی لایەنگری ئێران کردەوە."
دووشەممە، تیمی ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکدا لە کۆشکی سپی، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و کامالا هاریسی جێگریان لەدوایین پەرەسەندنەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاگادارکردنەوە.
بەگوێرەی کۆشکی سپی، هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، باس لە هێرشەکەی سەر عەین ئەسەد و بژاردەکانی پێنتاگۆن بۆ وەڵامدانەوەی کراوە.
بەگوتەی بەرپرسێکی ئەمریکا کە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز کردووە، لانیکەم پێنج لەوانەی برینداربوون، سەربازی ئەمریکی بوون.
تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیاریێتیی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە، بەڵام لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا، گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی لایەنگری ئێران دەستیان بە هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو بنکە سەربازیانە کردووەتەوە، کە هێزەکانی ئەمریکایان تێدایە، وێڕای ئەوەی ماوەی چەند مانگێک بوو، هێرشەکانیان وەستاندبوون.
لەنێوان تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو تاوەکو کانوونی دووەمی ئەمساڵ، واتە لە مانگەکانی سەرەتای جەنگی غەززەدا، ئەو هاوپەیمانییەی خۆی بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناودەبات، بەرپرسیاریێتیی خۆی لە دەیان هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆمبڕێژکراو بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەرێمی کوردستان، سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەربڕی.
بەگوێرەی پەیمانگەی لێکۆڵینەوەکانی واشنتن (Washington Institute)، ئەوە 189ـیەمین هێرش بوو لەسەرەتای جەنگی غەززەوە، کرابێتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە.
ئەو هێرشانە هەموویان بۆ سەر بنکەکانی عێراق، هەرێمی کوردستان، سووریا و رۆژئاوای کوردستان بوون، تەنیا یەکێکیان نەبێت کە بنکەیەکی سەر سنووری ئوردنی کردە ئامانج.
لە بەرامبەردا، سوپای ئەمریکاش، چەندینجار بنکەی ئەو گرووپە چەکدارانەی لە عێراق و سووریا کردووەتە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ