رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی دەڵێت، زیاتر لە سێ لیوای بەرەی مقاوەمەی عێراقی لە سووریا شەڕ دەکەن و پابەند نین بە بڕیارەکانی حکومەتی عێراقەوە. گوتیشی "هیچ چەکدارێکی حەشدی شەعبی لە نێو سووریا نییە."
رۆژی سێشەممە، 3ـی کانوونی یەکەمی 2024، عەبدولڕەحمان جەزائیری، فەرماندەی حەشدی شەعبی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق میوانی بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و رایگەیاند، "هیچ چەکدارێکی حەشدی شەعبی لەنێو سووریا نییە و بەشداری ئەو شەڕە ناکات، بەڵام لە چوارچێوەی بەرەی مقاوەمە؛ بزووتنەوەی نوجەبا، حیزبوڵڵای عێراقی و کەتائیبی حیزبوڵڵا لە دەوروبەری دیمەشقن، هەروەها دوێنێ هەواڵیشمان بۆ هات کە لە بەرەی مقاوەمە دوو عێراقی شەهیدبوون. بەڵام حەشدی شەعبی بە هەموو شێوەیەک بوونی خۆی لە سووریا رەتدەکاتەوە."
ئەو فەرماندەیەی حەشدی شەعبی دەڵێ: ئێمە چەندین جار لایەنەکانمان ئاگادارکردووەتەوە کە ئەو ئاڵۆزییانەی لە سووریا روودەدەن، مەترسییان بۆ سەر عێراقیش هەیە.
جەزائیری دەڵێت، "دوای ئاگربەستی لوبنان، ئەو گرووپانە چوونەتە لوبنان و ئێستا لەوێ لە چوارچێوەی لیوای ماهیر ئەسەد کە برای بەشار ئەسەدە چالاکی دەکەن، بوونی ئەو چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنانە مەترسین و ئەو چەکدارە عێراقییانەش لە رووی مەزهەبی و بیروباوەڕەوە شەڕ دەکەن، چونکە مەزاری زەینەبی کچی ئیمام عەلی لەوێیە و ئەوشوێنەش لای شیعە پیرۆزە."
بە گوتەی ئەو فەرماندەیەی حەشدی شەعبی، "لە رووی سیاسییەوە بەرەی مقاوەمە پابەندی بڕیارەکانی حکومەتی عێراقی نییە، لە کۆبوونەوەی دوێنێ شەوی لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیش بڕیاردرا، هیچ لایەنێک دەستێوەردان لە نێوخۆی سووریا نەکات."
سەبارەت بە دۆخی سنوورەکان و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان، عەبدولڕەحمان جەزائیری گوتی، "سنوورەکانمان لەگەڵ سووریا و ناوچەکانی دیکە تووندوتۆڵ کراون، بۆئەوەی رووبەڕووی سەرجەم مەترسییەکان ببینەوە، نەک هەر کێشەکانی سووریا، بەڵکو ئیسرائیل یەکێکە لە مەترسییە جیدییەکانی سەر عێراق و ئەو وڵاتە چەندین جار باسی لە هێرشکردنە سەر وڵاتەکەمان کردووە."
رۆژی دووشەممە، 2ـی کانوونى یەکەمى 2024، پاسەوانی سنووری عێراق رایگەیاند، "بستێک زەوى لە سنوورى سووریا نەماوە بە کامێرا چاودێریى نەکرێت."
میقداد میرى، گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق و فەرماندەى هێزى پاسەوانى سنوور رایگەیاند، "ئەوەى بۆ پاراستنی سنوور کراوە، بەرهەمى کارى ئەمڕۆ نییە و لە پێکهێنانى ئەم حکومەتەوە کارى لەسەر کراوە.
گوتەبێژەکە باس لەوەش دەکات، "ئەوەى بۆ تۆکمەکردنى سنوورى عێراق کراوە، یەکەمجارە لە مێژووى دروستکردنى سنوورى دەوڵەتى عێراق دا بکرێت. عێراق سێ هەزار و 716 کیلۆمەتر سنوورى لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ هەیە، سنوورى سووریا لە هەموویان باشتر پارێزراوە."
سنوورى نێوان عێراق و سووریا زیاتر لە 650 کیلۆمەترە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 80%ـی سنوورەکە بە بەربەستى کۆنکرێتى، گیراوە.
لە 27ـی تشرینى دووەمی 2024ـەوە، چەکدارانى دەستەى تەحریری شام چەند ناوچەیەکى سووریایان کۆنترۆڵکرد، شەڕ و ئاڵۆزى لەو وڵاتە، عێراقى ناچار کردووە رێوشوێنەکانى لە سنوورى لەگەڵ سووریا، تووندتر بکات.
میقداد میری هەروەها ئاماژەی بەوەدا، "کامێراکانى چاودێرى لەسەر سنوور، دیمەنەکان دەگوێزنەوە بۆ بارەگاى ناوچەکە و بەغدا، دیمەنى بەشێک لە نێو قووڵایی سووریا و عێراقیش تۆمار دەکات، بستێک زەوى لەو سنوورە نییە کە بە کامێرا چاودێرى نەکرێت، ئێستا پاراستنى سنوور بە ساڵى 2014 بەراورد ناکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ