رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرێکی عەرەبی سوننەی کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق، پرۆژەیاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بە "فیتنەیەکی گەورە" ناودەبات، هۆشداری دەدات لەوانەیە ببێتە هۆی شەڕی کورد و عەرەب لە کەرکووک.
شێخ وەسفی عاسی، نوێنەری عەرەبی سوننەی کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە (02-12-2024)، تەلاری پەرلەمان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست و رایگەیاند، سەبەتە پرۆژەیاسایەک لە بەرنامەی کاری پەرلەمانە، کە لە بنەڕەتدا جێگەی ناکۆکیین.
شێخ وەسفی عاسی گوتی: "دانیشتنەکەی ئەمڕۆ نائاساییە، ئەوانەی دەنگیان دا بە پرۆژەیاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان، لە 10 کەس زیاتر نەبوون، زۆر بەتووندی دژایەتی ئەو بابەتە کرا. ئەوەشی گرنگ و سەرەکییە هۆکاری دەرچوونی یاساکە دەنگی لەسەر نەدراوە".
ئەو نوێنەرەی عەرەبی کەرکووک جەخت لەوەدەکاتەوە، ئەگەر سەرۆکایەتی پەرلەمان سووربێت لەسەر ئەوەی دانیشتنەکە یاساییە و دەنگدان لەسەر هەندێک پرۆژەیاساک بدرێت، ئەوا لە دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵا تۆمار دەکەن، چونکە لە 10 بۆ 20 کەس زیاتر دەنگی بە پرۆژەیاساکە نەداوە بەتایبەتی پرۆژەیاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان".
شێخ وەسفی عاسی گوتی: "بە راشکاوانە ئەو یاسایە فیتنەیەکی گەورەیە لە کەرکووک لە نێوان کورد و عەرەبی کەرکووک و خوانە خواستە شەڕی ناوخۆیی لێدەکەوێتەوە".
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: "دڵنیایی دەدەینە خەڵکی کەرکووک و پێیان دەڵێین، ئەوانەی کە دەڵێن ئەو یاسایە دەنگی لەسەر دراوە، خەیاڵ دەکەن، چونکە لە دەنگی لەسەر نەدراوە، ئەو دەنگدانەشی کراوە بۆ رازیکردنی سەرۆک فراکسیۆنەکان، یاخود هێزە سیاسییەکان بووە ، وێنە و ڤیدیۆکان هەن.
شێخ وەسفی عاسی داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکات بە جدی و وردییەوە سەیری ئەو بابەتە بکات.
ئەو پڕۆژە یاسایە و هەمواری یاسای باری کەسی و لێبووردنی گشتی، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان، یەک بە یەکی مادەکانیان خرانە دەنگدانەوە، بڕیار بوو دواتر هەرسێ پڕۆژەیاساکە بە یەکەوە بخرێنە دەنگدانەوە، بەڵام رێژەی یاسایی ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی پەکخرا و دانیشتنەکەی پەرلەمان کۆتایی هات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ