رووداو دیجیتاڵ
چەند بڕگەیەک بۆ هەموارى یاساى لێبووردنى گشتیی عێراق زیاد دەکرێت، کە رێگە ئازادکردنی هەندێک لە تاوانبارانى مادەى هۆشبەر دەدات، ئەو کەسانەش کە لەسەر تاوانێک ئاشتەواییان بۆ کراوە، بەهەمان شێوە یاساکە دەیانگرێتەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ (سێشەممە، 3-12-2024) پەرلەمانى عێراق دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای هەموارى یاساى لێبووردنى گشتى بدات. دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "وەک پێشنیاز، چەند بڕگەیەک بۆ پڕۆژەیاساکە زیاد کراوە."
بە گوێرەى ئەو داڕشتەیەى پڕۆژەیاساکە کە دەست رووداو کەوتووە و بۆ دەنگدانى کۆتایی ئامادەیە، ئەو کەسانەى بە کەمتر لە 50 گرام مادەى هۆشبەرە دەستگیرکراون و لەسەرى سزادراون، لێبووردنى گشتى دەیانگرێتەوە، بەو مەرجەى پێشتر هەمان تاوانیان نەکردبێت و بۆ داهاتووش نەیکەنەوە.
ئەو کەسانەی تاوانێکیان کردووە و ئاشتەواییان بۆ کراوە، هەمان یاسا دەیانگرێتەوە، بەو مەرجەى رێککەوتنى ئاشتەواییەکە لە نێو هۆزەکان، بە رەزامەندى بەڕێوەبەرایەتیی کاروبارى هۆزەکان بێت لەو پارێزگایاى تاوانەکەیان تێدا کراوە.
یەکێک لە بڕگەکانى دیکە ئەوەیە؛ ئەوانەى بە دۆسیەى گەندەڵى سزادراون، ئەگەر پارەکەیان گەڕاندبێتەوە؛ لێبووردن دەیانگرێتەوە.
هەموارى دووەمى یاسای لێبووردنى گشتیی ساڵى 2016، کە لە حکومەتەوە نێردراوە پێش زیادکردنی ئەو ئەو بڕگانە، تەنیا یەک مادە بوو کە دەیگوت "مەبەست لە تاوانى ئینتیما بۆ رێکخراوە تیرۆریستییەکان، هەموو ئەو کەسانەیە کە کاریان لەگەڵ رێکخراوە تیرۆریستییەکان دا کردووە یان چەکداریان بۆ ئامادە کردوون، یان تاوانێکیان کردووە، یان بەهەر شێوەیەک بووبێت، هاوکار بووە لە جێبەجێکردنى کارێکى تیرۆریستى، یان ناوى لە لیستى رێکخستنى گرووپە تیرۆریستییەکاندا بێت."
ئەو پڕۆژەیاسایە داواکاریى سوننەکان بوو بۆ ئەوەى هەندێک لە حوکمدراوەکانیان کە بەگوتەى خۆیان لەسەر بنەماى زانیارى نادروست سزادراون، ئازاد بکرێن.
دارا سێکانیانى گوتى "لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى پەرلەمان، بڕیارە دەنگ بە کۆى یاساکە بدرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ