رووداو دیجیتاڵ
سبەی پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و میوانداریی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات. خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق لە بەرنامەی کاردایە.
جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەرلەمان باسی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سووریا و کاریگەری بەسەر عێراق و دۆخی ناوچەکە و گرتنەبەری رێوشوێنەکان دەکات.
جەمال کۆچەر، کە هاوکات ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیشە دەڵێت، "بە خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای بودجە، دەرگەی گفتوگۆ و وەرگرتنی سەرجەم تێبینییەکان لەبارەی هەمواری مادەی 12 دەکرێتەوە، تایبەتە بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان."
لەبارەی دەنگدان بە پڕۆژەیاساکە دەڵێت، "دوای خوێندنەوە، لانیکەم دوو بۆ سێ رۆژی پێویستە، ئەگەر رێککەوتنی لەسەر هەبێت."
بە گوێرەی بەرنامەی کار، دانیشتنەکەی پەرلەمان لەکاژێر 1:00 دوای نیوەڕۆ دەستپێدەکات و پێنج بڕگەی لەخۆ گرتووە:
یەکەم: میوانداریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.
دووەم: دەنگدان بە پڕۆژەیاسای دەزگەی هەواڵگریی نیشتمانی.
سێیەم: دەنگدان بە پێشنیازی پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای پاسپۆرت.
چوارەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق (2023،2024 و 2025). هەموارەکەی مادەی 12یە، کە تایبەتە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
پێنجەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری پێنجەمی یاسای فڕۆکەوانیی مەدەنی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ