رووداو دیجیتاڵ
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا لە شەڕی دژی داعش یارمەتیی هێزەکانی عێراق دەدەن. گوتیشی، "پێشکەوتن لە عێراق بەبێ سەقامگیری بەدینایەت."
ڤێدانت پاتێڵ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، پەیامنێری رووداو لە واشنتن گوتی، هێزە ئەمنییەکانی عێراق، هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان ملیۆنان کەسیان لە دەستی داعش رزگارکردووە. دەشڵێت، رووبەری نزیکەی 20 هەزار میلیان لە دەستی داعش دەرهێناوە.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ ڤێدانت پاتێڵ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
رووداو: لە هەشتی حوزەیران، وەزیر بلینکن هاوسەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی هاوپەیمانی دژ بە داعش دەکات. ئەم کۆبوونەوەیەش لەکاتێکدایە کە ئێستا هەزاران چەکداری داعش، خێزان و منداڵەکانیان لە کەمپەکانی هێزەکانی سووریای دیموکراتن لە سووریا. پێتان وایە هێشتنەوەی ئەو چەکدارانە و خێزانەکانیان لە کامپە لەرزۆکەکان لە سووریا چارەسەرێکی باشە؟ ئەگەر باش نییە، ئەی ئەمریکا چی دەکات بۆ کۆتاییهێنان بەم کێشەیە؟
ڤێدانت پاتێڵ: ئێمە قسەمان لەسەر ئەوە کردووە؛ نامەوێت پێش کۆبوونەوەی وەزیرەکان بکەوم؛ وەزیری دەرەوەمان لە چوارچێوەی بەرنامەکەیدا بۆ سعودیە، سەردانی شاری جەدەی سعودیە دەکات و دواتر لە شاری ریاز بەشداری لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانان سەبارەت بە شکستپێهێنانی داعش دەکات؛ نامەوێت پێش ئەو پڕۆسەیە بکەوم، بەڵام دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە گەڕاندنەوەی کەسوکار و چەکدارانی داعش، کاری هەرە لەپێشینەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بووە. پێمان وایە کە ئەوە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئەوەی دۆخی چەند شوێنێکی وەکو کامپی هۆڵ سەقامگیر بێت و هەروەها ئەوە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بارگرانی سەر کامپەکان.
رووداو: وڵاتان ئامادە نین خەڵکیان لە نێوداعش ببەنەوە، ئەگەر ئەو وڵاتانە ئامادەییان نەبێت، پلانی جێگرەوە چییە؟
ڤێدانت پاتێڵ: ئەوە شتێکە ئێمە بەردەوام سەرنجمان لەسەری بووە، گومانم نییە ئەوە یەکێک دەبێت لەو تەوەرانەی کە لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.
رووداو: پرسیارێکی دیکە لەسەر داعش، ئەمریکا بەنیازە چارەسەرێک بۆ هەڕەشە بەردەوامەکانی داعش بکات؟ ئێمە دەزانین داعش هیچ خاکی بەدەستەوە نییە، بەڵام هێشتا هەڕەشەیە و لەچەند بەرەیەکیشەوە لە عێراق و سووریا هێرش دەکات، ئێوە کە هیچ هێزێکی شەڕکەرتان لە عێراق نییە و چەند سەد سەربازێکیشتان لە سووریا هەیە، چۆن دڵنیا دەبنەوە لە تێکشکاندنی یەکجاری داعش؟ بەنیازن هیچ چەکێکی پێشکەوتوو بەو هێزە لۆکاڵیانە بدەن کە رووبەرووی داعش دەبنەوە؟
ڤێدانت پاتێڵ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: تێڕوانینی ئێمە بەردەوام ئەوە بووە کە بێ هەبوونی ئاسایش، پێشکەوتن لە عێراق بەدی نایەت، ئەوەش بەو مانایەی کە داعش دەبێت بۆ هەمیشە شکستی پێ بهێندرێت. هێزە عێراقییەکان سەرکردایەتی شەڕی دژی داعش دەکەن و ئەمریکا و هاوپەیمانیی نیودەوڵەتی دژی داعش بەردەوام پشتگیرییان دەکەن بۆ ئەوەی داعش بۆ هەمیشە شکستی پێ بهێندرێت؛ هێزە عێراقییەکان و ئەمریکییەکان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ملیۆنان عێراقییان لەژێر دەستی داعش رزگارکردووە و زیاتر لە 20،000 میلی چوارگۆشەمان لەژێر دەسەڵاتی داعش دەرهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ