رووداو دیجیتاڵ
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ژەهرخواردکردن و گیانلەدەستدانی هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح و سەرۆکی رێکخراوی بەدر؛ بەڕێوەبەری نووسینگەکەی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و هەواڵی مردنەکەی رەتکردەوە. پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگییش دەڵێت، "هەواڵەکە هەڵبەستراوە."
رۆژی یەکشەممە 05-02-2023 محەممەد رەعد، بەڕێوەبەری نووسینگەی میدیایی هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح و ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر، کە بەشێکە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، لەبارەی هەواڵی ژەهرخواردکردن و گیانلەدەستدانی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، "ئەو هەواڵانەی لە هەندێک لە سەکۆکانی هەرزەکارانی میدیا و ماڵپەڕەکانەوە بڵاودەکرێنەوە راست نین، حاجی وەکو عێراق ماوە و تەمەنی ستەمکاران کورتە."
روونکردنەوەکەی نووسینگەی میدیایی هادی عامری دوای ئەوە هات، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵمیدیا و ژمارەیەک لە وێبسایتەکانی عێراق هەواڵی ژەهرخواردکردنی هادی عامری، هاوشێوەی ئەحمەد چەلەبی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و پەرلەمانتار پێشوو بڵاوکرایەوە.
بەڵام نووسینگەکەی لە روونکردنەوەکەیدا یەکلایی نەکردووەتەوە کە هادی عامری ژەهراوی کراوە یاخود نا، تەنیا رەتکردنەوەی گیانلەدەستدانی پشتڕاست کردووەتەوە.
عەلا دلفی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رۆژی یەکشەممە 05-02-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو هەواڵە هەڵبەستراوە و راست نییە و رەتیدەکەینەوە."
هادی فەرحان عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح یەکێک لە پێکهێنەرەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکانە، لە ساڵی 1954 لە پارێزگای دیالە لەدایکبووە، لەدوای ساڵی 2003وە ژمارەیەک پۆستی وەرگرتووە، لەوانەش وەزیری گواستنەوەی عێراق، هەروەها ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ