وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: پێویستە حکومەتی عێراق هەنگاوی زیاتر بنێت بۆ پاراستنی هێزەکانمان

04-01-2024
دیار کوردە @diyarkurda
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

داڕشتنەوەی: بژار زوبێر

 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، "پێویستە حکومەتی عێراق هەنگاوی زیاتر بنێت بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا."
 
رۆژی پێنجشەممە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن لە بارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی، "پێویستە حکومەتی عێراق هەنگاوی زیاتر بنێت بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا کە لەسەر بانگهێشتی ئەوان لەوێن" میلەر هەروەها باسی لەوە کرد، کە پێویستە حکومەتی عێراق "لێپرسینەوە لەگەڵ ئەوانەدا بکات کە بەرپرسن لە هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا، جا ئەو لایەنانە هەر کێ بن."
 
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززەوە، گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی لایەنگری ئێران گەیشتوونەتە ئاستێکی بێوێنە.
 
لە دوایین ئاماژەی هەڵچووندا، ئەمریکا لە هێرشێکی درۆنیدا فەرماندەیەکی دیاری حەشدی شەعبی لە بەغدا کوشت.
 
گوتەبێژێکی پێنتاگۆن لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستیکردەوە کە ئەمریکا هێرشەکەی ئەنجامداوە و گوتی، "ئەم هێرشە بۆ بەرگریلەخۆکردن بوو. هیچ سڤیلێک زیانی پێ نەگەیشت و لە هیچ ژێرخان و دامەزراوەیەک نەدرا."
 
حکومەتی عێراق هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار کردبوو. 
 
بەرپرسێکی عێراقی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی رایگەیاندووە کە "درۆنێک بارەگای لۆجستیی حەشدی شەعبیی بەئامانجکرد،" و بووە هۆی "کوژرانی دوو ئەندام و برینداربوونی حەوتی دیکە."
 
سەرچاوەیەک لە حەشدەوە، کە ئەویش نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ئامارەکانی بۆ فرانس پرێس پشتڕاستکردوونەتەوە و بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی خستووەتە ئەستۆی ئەمریکا. 
 
بزووتنەوەی نوجەبا، کە هێزێکی نێو حەشدی شەعبییە، لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "موشتاق تاڵب ساعدی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا کوژراوە."
 
رۆژی پێنجشەممە، رووداو پەیوەندیی بە گوتەبێژێکی پێنتاگۆنەوە کرد، کە نە پشتڕاستیکردەوە و نە رەتیشیکردەوە ئەمریکا لە پشت هێرشەکەوە بووبێت. 
 
بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لە رێگەی ئیمەیڵەوە بە دیار کوردەی راگەیاندبوو، "ئەمریکا بەردەوامە لە هەنگاونان بۆ پاراستنی هێزەکانمان لە عێراق و سووریا لە رێگەی چارەسەرکردنی ئەو هەڕەشانەی کە رووبەڕوویان دەبنەوە."
 
هێرشەکە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، هێرشەکانی دژی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا زیادیانکردووە. 
 
"دوژمنکاریێکی زەق"
 
نووسینگەی سوودانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ئەمریکای بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبارکرد و بە "دوژمنکاریێکی زەق" و "هەڵچوون و هێرشێکی مەترسیدار" وەسفیکرد. 
 
گوتەبێژێکی سوودانی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "هێزە چەکدارەکانی عێراق هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر ئەم هێرشە بێپاساوە بە بەرپرس دەزانێت."
 
هادی عامری، فەرماندەی باڵای حەشدی شەعبی، سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و بە "تاوانێکی دڕندانەی هێزەکانی ئەمریکا" ناویبرد. داواشیکرد، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، "دەسبەجێ" عێراق جێبێڵێت. 
 
لە 17ی تشرینی یەکەمەوە، بە گوێرەی پێنتاگۆن، زیاتر لە 100 هێرش کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا. 
 
گرووپێک کە خۆی بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناودەبات، بەپرسیارێتیی خۆی لە زۆربەی ئەو هێرشانە دەربڕیوە. 
 
لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، ئەمریکا نزیکەی دوو هەزار و 500 سەربازی لە عێراق و 900ی دیکەی لە سووریا هەیە. لە وەڵامی ژمارەیەک لەو هێرشانەدا، ئەمریکا پێگەکانی سەر بە تاران و هێزە لایەنگرەکانی لە عێراق و سووریا چەند جارێک بۆردوومانکردوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە