رووداو دیجیتاڵ
دەزگای هەواڵگریی عێراق رایگەیاند، توانیویانە لە پارێزگای دیالە دەست بەسەر یەک ملیۆن دۆلاردا بگرن، کە بۆ بەقاچاخبردن ئامادەکرابوو بۆ ئەوەی ببرێتە "پارێزگاکانی باکوور."
رۆژی هەینی 3-2-2023، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، دوای دەستخستنی زانیاریی تەواو و بەدواداچوونی مەیدانی بەڕێوەبەرایەتیی تاوانی رێکخراوی سەر بە دەزگای هەواڵگری توانیویانە لە بازگەی غالبییەی قەزای خاڵسدا دەست بەسەر بڕی یەک ملیۆن دۆلاردا بگرن، کە بەپێی راگەیێندراوەکە: "ئامادەکرابوو بۆ ئەوەی بە قاچاخ ببرێتە پارێزگاکانی باکوور."
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە داوە: "ئەو کارە لەلایەن کەسانێکی دەروون نزمەوە کراوە، کە هەوڵی تێکدانی ئابووریی عێراق دەدەن."
بەپێی راگەیێندراوەکە: وەزارەتی ناوخۆ بەردەوام دەبێت و بە دەستێکی ئاسنینەوە کاردەکات بۆ لێدان لەوانەی دەیانەوێت یاری بە ئاسایشی ئابووری بکەن و رادەستی دادگەیان دەکەین، هەروەها رێنمایی هەیە کە بە تووندی مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانە بکرێت.
رۆژی 2ى شوباتى 2023، ئەرشەد حاکم، گوتەبێژى دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، ژمارەیەک لە خاوەنى "کۆمپانیا گەورەکان"یان دەستگیرکردووە کە بەگوتەى ئەو، یارییان بە نرخی دراو کردووە و بەقاچاخ بردوویانەتە دەرەوە.
گوتەبێژى دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانیى عێراق ئاماژەى بەوەشدا: ئەو پرۆسەیە لەدواى هەوڵى هەواڵگرى و لەسەر بنەماى فەرمانى دادوەر بووە و ئەو پرۆسەیە بەردەوام دەبێت، تاوەکو سەرجەم داواکراوان دەستگیردەکرێن لە چوارچێوەى پلان و هەوڵى حکومەت بۆ کۆنتڕۆڵکردنى بەقاچاخبردنى دراو.
بەقاچاخبردنى دۆلار بۆ دەرەوەى عێراق، بەیەکێک لە هۆکارەکانى دابەزینى بەهاى دینار دەزانرێت بەرامبەر بە دۆلار، کە بەهۆیەوە 2ى شوبات بۆ یەکەمجار بەهاى 100 دۆلار گەیشتە سەرووی 175 هەزار دینار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ