مەترۆپۆل: ئیمامئۆغڵو بەبێ دەنگی دەم پارتیش یەکەمە

30-01-2024
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی ئەنجامی دوایین راپرسی کۆمپانیای مەترۆپۆل (Metropoll) کە مانگانە لە تورکیا راپرسیی دەکات، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی ئێستای گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ و بەربژێری جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 31ـی ئاداری ئەم ساڵ بۆ ئەو پۆستە، بەبێ دەنگی دەم پارتی هەر لە پێشەوەی بەربژێرەکانە. 
 
کۆمپانیاکە رۆژی دووشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2024 لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر ئەنجامی ئەو راپرسییەی بڵاوکردووەتەوە، کە لە رۆژانی 12-15ـی کانوونی دووەمی 2024 بە ناونیشانی "کێبڕکێی سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ" بە بەشداری 1565 کەس کراوە. 
 
راپرسییەکەی مەترۆپۆل تایبەتە بە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە بڕیارە لە 31ـی ئاداری 2024ـدا بکرێت، کۆمپانیا لە بەشداربووانی راپرسییەکەی پرسیوە، "ئەگەر بەربژێرەکانی سەرۆکایەتی گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵ لە هەڵبژاردنە بەم شێوەیە بن، دەنگ بە کامیان دەدەیت؟"
 
لە نێو بژاردەکانی نێو راپرسییەکەدا، "ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، بەربژێری جەهەپە"؛ "موراد کوروم بەربژێری هاوبەشی ئاکپارتی و مەهەپە (هاوپەیمانی جمهوور)"؛ "بەربژێری دەم پارتی"؛ "بەربژێری ئیی پارتی" هەن. 
 
لە راپرسییەکەدا ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، بەربژێری جەهەپە دەنگی 41.6٪ی بەشداربووانی راپرسییەکەی بەدەستهێناوە، موراد کوروم، بەربژێری 38٪ و بەربژێری دەم پارتی کە 5.6٪ و بەربژێری ئیی پارتی 2.9٪ی دەنگەکانی بەدەستهیناوە. ئەوانەش کە لە وەڵامی پرسیارەکەدا گوتوویانە هیچ بیرۆکەیەکم نییە/هیچ وەڵامیکم نییە 11.9٪ن. 
 
ئەنجامی راپرسییەکە دەریخستووە، تەنانەت ئەگەر دەم پارتی بە بەربژێری خۆی بەشداری هەڵبژاردنەکەش بکات، ئیمامئۆغڵو هەر لە پلەی یەکەمدایە. لە دوای ئەندامانی جەهەپە، ئیمامئۆغڵو زۆرترین پشتیوانی لە ئەندامانی ئیی پارتی وەردەگرێت. 
 
ئەو لایەنگرانەی جەهەپە کە گوتوویانە "دەنگ بە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەدەم" رێژەیان 84.3٪ بووە، لە کاتێکدا لایەنگرانی ئیی پارتی کە گوتوویانە دەنگ بە ئیمامئۆغڵو دەدەن رێژەیان 63.8 ٪ بووە. لە ئەندامانی دەم پارتی 34.8٪، لە لایەنگرانی مەهەپە ٪5.9 و لە لایەنگرانی ئاکپارتی 9.1٪ لە وەڵامدا گوتویانە "دەنگ بە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەدەم"، هەروەها لە نێو "لایەنەکانی دیکە"دا ئەم رێژەیە 47.2٪ بووە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە