رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرگیری لە نێو گەنجانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان روو لە کەمبوونەوە دەکات، لە بەرامبەردا جیابوونەوە روو لە هەڵکشانە. دۆخی ئابووریی وڵاتەکە بە هۆکاری سەرەکی دادەنرێت.
بەپێی راپۆرتی فەرمانگەی باری کەسیی ئێران، لە 11 ساڵی رابردوودا رێژەی هاوسەرگیری لەو وڵاتە 42٪ دابەزیوە و رێژەی جیابوونەوەش 34٪ زیادیکردووە. بە ێی فەرمانگەکە، لە ساڵی 2013دا 829 هەزار کەس هاوسەرگیریان کردبوو، ئەو ژمارەیە لە 2023دا بۆ 481 هەزار هاوسەرگیری بەزیوە. هەروەها لە ساڵی 2013دا 150 هەزار هاوسەر جیاببوونەوە، ساڵی رابردوو ژمارەکە بۆ 202 هەزار جیابوونەوە بەرزبووەتەوە.
ئاستی مامناوەندی تەمەنی هاوسەرگیری لە ئێران بۆ ژنان 25 ساڵ و بۆ پیاوان 30 ساڵە. لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش، زۆرترین ئاستی مامناوەندی تەمەنی هاوسەرگیری لە کرماشان، ورمێ و ئیلامە کە بۆ پیاوان لە نێوان 30 تاوەکو 32 ساڵە و بۆ ژنان لە نێوان 24 تاوەکو 27 ساڵە.
حکومەت بە زیادکردنی بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ قەرزی هاوسەرگیری دەیەوێت هانی گەنجان بدات بۆ ئەوەی هاوسەرگیری بکەن. بۆ ئەمساڵ، 200 تریلیۆن تمەن و بۆ ساڵی داهاتووش 350 تریلیۆن تمەنی تەرخانکردووە.
محەممەدڕەزا فەرزین، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران دەڵێت: "ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا 164 تریلیۆن تمەن قەرزی هاوسەرگیریمان داوەتە 490 هەزار کەس. هەروەها 35 تریلیۆن تمەن قەرزی منداڵبوونمان داوەتە 435 هەزار کەس. بەڵام هێشتا 480 هەزار کەس بۆ وەرگرتنی قەرزی هاوسەرگیری لە نۆرەدان، نزیکەی هەمان ژمارەش بۆ قەرزی منداڵبوون لە نۆرەدان. "
ناوەندی ئاماری ئێران دەڵێت؛ نزیکەی 10 ملیۆن گەنج لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە تەمەنی هاوسەرگیریدان، بەڵام هێشتا هەلی هاوسەرگیرییان بۆ نەڕەخساوە.
چەند ساڵە بەرپرسانی حکومەت لە ئێران هۆشداری لە بەرزبوونەوەی ئاستی تەمەنی هاوسەرگیری دەدەن و دەڵێن، ئەگەر بارودۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت لە چەند ساڵی داهاتوودا گەشەی دانیشتووانی ئێران یەکسان دەبێت بە سفر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ