وەزیری دەرەوەی ئێران: ئەرکی ئەنجوومەنی ئاسایشە گەمارۆ بخاتە سەر رژێمی زایۆنی

29-10-2024
ژیلا ئەسعەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، "ئەرکی ئەنجوومەنی ئاسایشە گەمارۆی تووند بخاتە سەر رژێمی زایۆنی، ئەوەش بەهۆی پێداگری ئەو رژێمە لەسەر درێژەدان بە شەڕ".

ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی تشرینی یەکەم، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی وڵاتان لە ئێران رایگەیاند، "کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم کاتە گرنگەدا پێداگری لەسەر هەوڵی دیپلۆماسی بۆ راگرتنی شەڕ لە ناوچەکە و راگرتنی دەستدرێژییەکانی رژێمی زایۆنی دەکات".
 
عێراقچی گوتی، "کۆماری ئیسلامی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات رێوشوێنی خێرا و چارەنووسساز بۆ راگرتنی هێرشەکانی رژێمی زایۆنی بگرێتەبەر تاوەکو کوشتنی خەڵکی بێتاوان لە غەززە و لوبنان رابگیرێت".
 
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، "پشتیوانیی ئەمریکا لە رژێمی زایۆنی لە ئەنجوومەنی ئاسایش بەربەستێکی سەرەکییە لە بەردەم هەنگاوەکانی ئەنجوومەنەکە بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ کردەوە دژ بە یاسا نێودەوڵەتییەکانی ئەو رژێمە". 
 
گوتەکانی عێراقچی لە کاتێکدان، لە 7-10-2023 جەنگ لەنێوان بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل دەستی پێکرد و دواتریش بەشێکی بەرفراوان لە ناوچەکەی گرتەوە. 
 
گرژییەکان گەیشتوونەتە ئاستێک کە بەرەبەیانی رۆژی شەممە 26ـی تشرینی یەکەم سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەند پێگەیەک لەنێو ئێران.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە