دوو بەسیج لە سیستان و بەلووچستان کوژران

19-11-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، لە "هێرشێکی تیرۆریستی" دا لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، دوو ئەندامی هێزی بەسیجی سەر بە سوپای پاسداران کوژران.
 
ناوەندی پەیوەندییە گشتییەکانی قەرارگەی قودسی هێزی زەوینیی سوپای پاسداران رایگەیاند، هێرشەکە رۆژی دووشەممە لە شاری سەراوانی باشووری پارێزگای سیستان و بەلووچستان کراوە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، "هێرشەکە لە کاتێکدا بووە؛ ئەو دوو ئەندامەی بەسیج بە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە شوێنی ئەرکیان دەگەڕانەوە ماڵەوە." 
 
قەرارگەی قودس هەروەها دەڵێت، ئۆپەراسیۆنی هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردنی هێرشبەرەکان لە ناوچەکە بەردەوامە.
 
ماوەیەکە ئاڵۆزی و رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لەنێوان هێزە سەربازییەکانی ئێران و، گرووپی جەیشولعەدل کە گرووپێکی بەلووچەکانە زیادی کردووە.
 
رۆژی یەکشەممە 10ـی تشرینی دووەم، لە هێرشێکی دیکەدا لە شاری سەراوان، پێنج ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران کوژران. رێکخراوی جەیشولعەدل، دواتر بەرپرسیاریێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.
 
هێزی بەسیج، رێکخراوێکی سەربازیی سەر بە سوپای ئێرانە. پارێزگای سیستان و بەلوچستان دەکەوێتە نزیک سنووری پاکستان.
 
26ـی تشرینی یەکەم، ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند، لە سنووری شاری تەفتانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان هێرشکرایە سەر یەکەیەکی پۆلیس و لە ئەنجامدا 10 کەس لە هێزەکانی پۆلیس کوژران.
 
لە 27ی تشرینی یەکەم، قەرارگەی قودسی هێزی زەوینیی سوپای پاسداران رایگەیاند "لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە درۆن بنکەیەکی ئەو چەکدارانەیان کردووەتە ئامانج کە لە هێرشێکدا لە شاری تەفتانی سیستان و بەلووچستان 10 پۆلیسیان کوشت، لە ئەنجامدا چوار تیرۆریست کوژران و چواری دیکەش دەستگیر کران."
 
دواتر لە 3ی تشرینی دووەمی 2024، فەرماندەیی پۆلیسی ئێران رایگەیاند، سەرکردەی ئەو گرووپە چەکدارە لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان کوژرا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە