رووداو دیجیتاڵ
ئەفسەرێکی خانەنشینی پاسداران دەڵێت، ئیسرائیل بە 600 مووشەک لە ئێرانی داوە و جێگری بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئێران، لێدوانی ئەو ئەفسەرە رەتدەکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 28ی تشرینی یەکەم، حەسەن ئەبو تۆرابی، جێگری بەڕێوەبەری پەێوەندییە گشتییەکانی سوپای ئێران، لێدوانی ئەفسەری خانەنشینکراوە سوپای رەتکردەوە، کە لە رێوڕەسمی ناشتنی یەکێک لەو ئەفسەرانەی لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کوژرابوو، باسی لەوە کردبوو کە ئیسرائیل 600 مووشەکی لە دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران داوە.
محەممەد موختاری فەر، ئەفسەری خانەنشینکرای سوپا، لە مەراسیمی ناشتنی مەهدی نەقەوی، یەکێک لە کوژراوانی هێرشەکەی ئیسرائیل رایگەیاند: "سەیرکەن 600 مووشەکیان لێدا، بەڵام گەلی ئێمە بێ زیان بوو، ئەمەش واتای بەهێزی و بە توانایی هێزە چەکدارەکانی ئێرانە".
حەسەن ئەبوو تورابی گوتی: "ئەم ئەفسەرە چەند ساڵ لەوەو پێش خانەنشین کراوە و ئێستا هیچ بەرپرسیارێتێکی لە سوپادا نییە و دەستی بە هیچ زانیارییەک راناگات و لێدوانەکانی سەبارەت بە ئاماری مووشەکەکانی رژێمی زایۆنی رەتدەکەینەوە".
ئەم بەرپرسەی سوپای ئێران، ئاماژەی بە هیچ ئامارێکی فەرمی لە بارەی ژمارەی ئەو مووشەکانەی لە لایەن ئیسرائیلەوە ئاراستەی ئێران کراون، نەکرد.
بەرەبەیانیی رۆژی شەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2024 سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "لە وەڵامی چەند مانگێک هێرشی بەردەوامی رژێمی ئێران دژی دەوڵەتی ئیسرائیل، لەم کاتەدا بەرگریی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی ورد دەکاتە سەر هەندێ ئامانجی سەربازی لەنێو ئێران دا.''
دوای کۆتاییهاتنی هێرشەکە، بەرگریی ئاسمانیی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو ''سەرەڕای هۆشداریی پێشووی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە رژێمی تاوانکار و نایاسایی زایۆنی بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر کردەوەیەکی شەڕفرۆشانە، هێرشیکردە سەر بەشێک لە ناوەندە سەربازییەکانی پارێزگاکانی تاران، خوزستان و ئیلام.''
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە، بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە ''سەرکەوتوو'' بووە و زیانێکی کەم و سنووردار بە هەندێک شوێن کەوتووە کە قەبارەیان لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.
تائێستا کوژرانی چوار لە ئەندامانی سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران و کەسێکی سڤیل بەهۆی هێرشەکەوە بە فەرمی راگەیێندراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ