رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوی ئێران رایگەیاند، داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.
ئەمڕۆ یەکشەممە 27ی تشرینی یەکەم، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "لە نامەیەکدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، گوتوومانە تاران وەڵامدانەوەی هێرشەکانی رژێمی زایۆنی بە مافی خۆی دەزانێت".
عێراقچی دەڵێت، "لەو نامەیەدا داوای هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکانمان کردووە سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، "بە تووندی و بێ مەرج" ئەو هێرشانە سەرکۆنە بکەن".
عێراقچی ئاماژەی بەوشکرد، "ئیسرائیل هیچ توانایەکی لە ناوچەکەدا نییە و ئەو هێرشەی کراوەتە سەر ئێران بە هاوکاری ئەمریکا و بە چەکی ئەوان کراوە و دەبێت ئەمریکا بەرپرسیارێتی ئەو هێرشە بگرێتە ئەستۆ".
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "لە نامەکەدا داوای کۆبوونەوی بەپەلەمان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووکان کردووە، بەڵام بە هۆی ئامادەبوونی ئەمریکا و هەندێک وڵاتی دیکە هیچ ئومێدێک نییە کە کۆبوونەوەکە ئەنجامێکی باشی هەبێت".
بەرەبەیانیی رۆژی شەممە 26ـی تشرینی یەکەم سوپای ئیسرائیل رایگەیاند "لە وەڵامی چەند مانگێک هێرشی بەردەوامی رژێمی ئێران دژی دەوڵەتی ئیسرائیل، لەم کاتەدا بەرگریی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی ورد دەکاتە سەر هەندێ ئامانجی سەربازی لەنێو ئێران دا.''
دوای کۆتاییهاتنی هێرشەکە، بەرگریی ئاسمانیی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو ''سەرەڕای هۆشداریی پێشووی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە رژێمی تاوانکار و نایاسایی زایۆنی بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر کردەوەیەکی شەڕفرۆشانە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هێرشیکردە سەر بەشێک لە ناوەندە سەربازییەکانی پارێزگاکانی تاران، خوزستان و ئیلام.''
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە، بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە ''سەرکەوتوو'' بووە و زیانێکی کەم و سنووردار بە هەندێک شوێن کەوتووە کە قەبارەیان لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.
تائێستا کوژرانی چوار لە ئەندامانی سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی هێرشەکەوە بە فەرمی راگەیێندراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ