رووداو دیجیتاڵ
سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران (ئەرتەش) کوژرانی دوو سەربازی دیکەی وڵاتەکەی لە هێرشەکەی ئیسرائیل پشتڕاست کردەوە. بەمەش ژماری کوژراوانی هێرشەکە بووە چوار کەس.
ئەمڕۆ (شەممە، 26-10-2024) سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ جاری دووەم راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە "دوو ئەندامی دیکەی سوپا بەهۆی سەختیی برینەکەیان، ئێوارەی ئەمڕۆ گیانیان لەدەستدا، بەمەش ژمارە کوژراوان بۆ 4 کەس بەرز بووەوە."
سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران بەبێ ئاماژەدان بە هیچ شوێنێک، نووسیویەتی، "شەوی رابردوو لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکەی رژێمی تاوانکاری زایۆنی، بەمەبەستی بەرگریکردن لە ئاسایشی ئێران و رێگریکردن لە زیانگەیاندن بە گەل و بەرژەوەندییەکانمان، دوو لە ئەندامان خۆیان کردە قوربانی و دوو ئەندامی دیکەی سوپا بەهۆی سەختیی برینەکەیان، ئێوارەی ئەمڕۆ گیانیان لەدەستدا."
لە راگەیێندراوی دووەمدا سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران ناوی هەر چوار کوژراوی بڵاوکردەوە و دەڵێ: محەممەد مەهدی شاهروخی، هەمزە جەهاندیدە، سەجاد مەنسوری و مەهدی نەقوی لە هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ کوژراون.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "لە وەڵامی چەند مانگێک لە هێرشی بەردەوامی رژێمی ئێران بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل، لەم کاتەدا هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی ورد دەکەنە سەر هەندێ ئامانجی سەربازی لەنێو ئێران."
دوای کۆتاییهاتنی هێرشەکە، بارەگای بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو، "سەرەڕای هۆشداریی پێشووی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە رژێمی تاوانکار و نایاسایی زایۆنی بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر کردەوەیەکی شەڕفرۆشانە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هێرشی کردە سەر بەشێک لە ناوەندە سەربازییەکانی پارێزگاکانی تاران، خوزستان و ئیلام."
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە، بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە "سەرکەوتوو" بووە و زیانێکی کەم و سنووردار بە هەندێک شوێن کەوتووە کە قەبارەکەی لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ