رووداو دیجیتاڵ
گەنجێک کە بەشداری لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی رابردووی کردبوو لە پارێزگای هەمەدانی ئێران، "بە نهێنی" لەسێدارەدرا.
ئەو خۆپێشاندەرە ناوی میلاد زۆهرەوەندە و تەمەنی 21 ساڵانە. دوای دەستگیرکردنی، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاکاندا بڵاوکراوەتەوە، زۆهرەوەند بەرەبەیانی دوێنێ پێنجشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2023 لە زیندانی ناوەندیی هەمەدان لە رۆژئاوای ئێران لەسێدارە دراوە و تەرمەکەی هێشتا رادەستی خێزانەکەی نەکراوەتەوە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاندووە هەواڵی لەسێدارەدانەکەیان پێگەیشتووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران هیچ زانیارییەکیان لەبارەی ئەو گەنجە بڵاونەکردووەتەوە.
زۆهرەوەند بە تاوانی کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسداران لە کاتی خۆپێشاندانەکاندا سزادرابوو.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانەی بۆ بەشی فارسیی بی بی سی قسەیان کردووە، زۆهرەوەند لە کاتی دەستبەسەرکردن و پرۆسەی دادگاییکردنەکەدا رێگەی پێنەدراوە پەیوەندی بە پارێزەرەوە بکات.
زۆهرەوەند دەبێتە هەشتەمین چالاکڤان کە دوای خۆپێشاندانەکانی ساڵی رابردوو لەسێدارە بدرێت.
لە راپۆرتێکدا کە لەم دواییانەدا لەلایەن ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوکرایەوە، هۆشداری دراوە لەوەی ئەو زانیارییانەی لەبارەی حەوت لەسێدارەدانەکەی پێشووەوە دەستکەوتوون، ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە "مەرجەکانی پێویست بۆ پابەندبوون بە یاسا و دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە کاتی دادگاییکردنەکەدا جێبەجێ نەکراون."
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "رێگری کراوە لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەران بەشێوەیەکی گونجاو و لە کاتی خۆیدا، هەروەها راپۆرتیش هەبووە کە دانپێدانانی بە زۆر هەبووە، کە رەنگە لە ئەنجامی ئەشکەنجەدان بووبێت".
ناڕەزایەتییەکان دژی حکومەتی ئێران دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ لە 16ـی ئەیلوولی 2022 دەستیپێکرد، کە لەلایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانەوە دەستبەسەرکرا و دواتر لە نەخۆشخانەیەکی شارەکە گیانی لەدەستدا.
لە ئەنجامی دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران کە ناڕەزایەتییەکانی بە "ئاژاوە" پێناسە کرد، سەدان کەس کوژران و هەزاران کەسیش دەستبەسەرکران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ