ئێران
د. محەممەد ساڵح نیکبەخت لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە لەلایەن رۆبێرتا مێتسۆلای سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا.
رووداو دیجیتاڵ
لە کاتی گەڕانەوەی بۆ تاران، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە فڕۆکەخانە رێگرییان لە پارێزەری یاسایی خێزانی ژینا ئەمینی کرد و دەستیان بەسەر ئەو خەڵاتەدا گرت کە لە لایەن پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپاوە بە کچە کوردە کۆچکردووەکە درابوو.
بەگوێرەی دوو رێکخراوی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، شەوی رابردوو، لەگەڵ گەڕانەوەی د. محەممەد ساڵح نیکبەخت لە فەرەنساوە بۆ تاران، دەست بەسەر موبایل و پاسپۆرتیشیدا گیراوە.
پارێزەرەکە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆڤ چووبووە فەرەنسا.
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، هێزە ئەمنییەکان لە فڕۆکەخانە بە د. نیکبەختیان گوتووە کە گەشتکردنی بۆ دەرەوەی وڵات لێ قەدەخە کراوە.
دوای ئەوەی کە دامودەزگاکانی ئێران رێگەیان بە ماڵباتی ژینا ئەمینیی نەدا بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە سەردانی دەرەوەی وڵات بکەن، رۆژی 12ی کانوونی یەکەم، د. نیکبەخت بە نوێنەرایەتیی ئەوان لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا ئامادەبوو بۆ خوێندنەوەی پەیامی دایکی کچە کوردە سەقزییەکە و وەرگرتنی خەڵاتەکە.
ژینا ئەمینی، کچە کوردی تەمەن 22 ساڵ، 13ی ئەیلوولی 2022 بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای سەرپۆش، لە تاران دەستگیرکرا. سێ رۆژ دوای ئازادکردنی، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. ئەو کات باوکی بە رووداوی گوت، گیانلەدەستدانی کچەکەی لە ئەنجامی ئەشکەنجەدانییەوە بووە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە.
دوای ئەوە، خۆپێشاندان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" زۆربەی شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە، کە دواتر گرژیی تێکەوت و بووە هۆی کوژرانی دەیان کەس لە خۆپێشاندەر و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی ئێران، هەرەوها هەزاران کەس دەستگیرکران و سزای لەسێدارەدان بەسەر هەندێکیاندا جێبەجێکرا.
8ی کانوونی یەکەم، لە فڕۆکەخانەی تاران رێگە بە دایک و باوک و برای ژینا ئەمینی نەدرا سەردانی فەرەنسا بکەن، دەست بەسەر پاسپۆرتەکانیاندا گیرا و چوونەدەرەوەی وڵاتیان لێ قەدەخەکرا.
پارێزرە تەمەن 72 ساڵانەکەی خێزانەکەش بە هۆی تانەدان لە بڕیاری لیژنەی پزیشکی دادی ئێران لە بارەی هۆکاری گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، ساڵێک بەندکردنی بۆ دەرکرابوو، بەڵام بە کەفالەت ئازادکرابوو.
لیژنەکە رایگەیاندبوو کە هیچ زەبرێک بەر جەستەی ژینا نەکەوتووە تاوەکو ببێتە هۆی گیانلەدەستدانی.
لە دوای رووداوەکەوە یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکای هاوپەیمانی بە تۆمەتی سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکان ژمارەیەک سزایان بەسەر دامەزراوە و کەسایەتییەکانی ئێراندا سەپاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ