رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی ئەوانەی بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ لە لوڕستان گیانیان لەدەست دا بەرزبووەوە و گەیشتە 9 کەس. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگاکە دەڵێت، 22 کەسیش بریندار بوون.
دوێنێ (شەممە، 21-12-2024)، پاسێک لەسەر رێگەی نێوان ئەندیمێشک - پۆلدۆختەر لە سنووری پارێزگای لوڕستان وەرگەڕا و بەهۆیەوە حەوت کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکیش بریندار بوون.
مەهدی پازوکی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان، رایگەیاند دوو لە بریندارانی رووداوەکە گیانیان لەدەستداوە. بەمەش ژمارەی ئەوانەی لە رووداوەکە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە نۆ کەس. هەروەها 22 کەسیش بریندارن.
پاسەکە لە خوزستانی ئێرانەوە بەرەو سەربازگەی کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەچوو، جیا لە 23 سەرباز، هەشت سەرنشینی مەدەنیشی تێدا بوو.
یەکێک لە سەرنشینە مەدەنییەکان کە بریندارە، لەبارەی رووداوەکەوە گوتی: ''رێگە تەڕ بوو و شۆفێرەکە نەیتوانی پاسەکە کۆنترۆڵ بکات".
مەهدی پازوکی رایگەیاند، پێنج لە برینداران لە نەخۆشخانەی پۆلدۆختەرن، 17 برینداری دیکەش گەیێندراونەتە ئەندیمێشکی پارێزگای خوزستان و لە ژێر چاودێریی پزیشکیدان.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگاکە هۆکاری رووداوەکەی بۆ خێرایی زۆر، لادان بۆ سایدی بەرامبەر و لە کۆتاییدا خلیسکان و لە کۆنترۆڵ دەرچوونی پاسەکە گەڕاندووەتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی دادپزیشکیی ئێران، لە 21-03-2024ـەوە تاوەکو 21-10-2024، 11 هەزار و 873 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و 238 هەزار و 384 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ