ژووری بازرگانیی ئێران: پچڕانی ئینتەرنێت بەردەوام بێت کار و داهاتی 9 ملیۆن کەس دەکەوێتە مەترسییەوە

22-11-2022
رووداو @Rudawkurdish
بەکارهێنەرێکی ئینتەرنێت لە ئێران
بەکارهێنەرێکی ئینتەرنێت لە ئێران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دۆخی ئینتەرنێت لە رۆژهەڵاتی کوردستان خراپە و رۆژانە چەندین کاژێر دەبڕێت و ئەو کاتانەش هەیە، زۆر خاوە. لە سەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزاییەکانەوە، حکومەتی ئێران ئینتەرنێتی سنووردار کردووە و دەیەوێت لەو رێگەیەوە خۆپێشاندانەکان کۆنترۆڵ بکات.
 
ژمارەیەکی زۆری خەڵک، کار و پیشەیان بە ئینتەرنێت بەستراوەتەوە. لە شارە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بازاڕی شتوومەکی بیانی هەیە و دووکاندار و کڕیارانی شارەکانی ئێران زیاتر لە رێگەی ئینتەرنێتییەوە شتیان لێدەکڕن. ئەو دووکاندارانە دەڵێن، پچڕانی بەردەوامی ئینتەرنێت، زیانی زۆری پێگەیاندوون.
 
حکومەتی ئێران پێش دەستپێکردنی ناڕەزاییەکانیش زۆربەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فیلتەر کردبوو، بەڵام هاونیشتمانییان بە بەکارهێنانی فیلتەرشکێن بەکاریان دەهێنان. ئێستا ئەو فیلتەرشکێنانە نرخیان گران بووە و بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێت، بە باشییش کار ناکەن.
 
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی نێت بلۆکس کە تایبەتە بە چاودێریکردنی ئینتەرنێت لە وڵاتاندا، هەر کاژێر پچڕانی ئینتەرنێت لە ئێران یەک ملیۆن و نیو دۆلار، زیاتر لە 50 ملیار تمەن زیان بە ئابووریی ئەو وڵاتە و خەڵک دەگەیێنێت.
 
ژووری بازرگانیی ئێران ئەو راپۆرتە پشتڕاست دەکاتەوە و رایگەیاندووە، ئەگەر پچڕانی ئینتەرنێت بەردەوام بێت، کار و داهاتی زیاتر لە 9 ملیۆن کەس دەکەوێتە مەترسییەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە