ئەمریکا داوا لە ئێران دەکات سنووردارییەکانی سەر هێڵەکانی ئینتەرنێت هەڵبگرێت

21-10-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، لەگەڵ هاوپەیمانیی ئازادیی ئۆنڵاین "بەتووندی" سەرکۆنەی ئەو رێکارانە دەکات، کە بۆ سنووردارکردنی ئینتەرنێت لەدوای خۆپێشاندانەکانی پەیوەست بە ژینا ئەمینییەوە لە وڵاتەکەدا سەپێندراون.
 
هاوپەیمانیی ئازادیی ئۆنڵاین، هاوبەشییەکە لە حکومەتی 34 وڵات پێکدێت، کار بۆ بەرەوپێشبردنی ئازادیی ئینتەرنێت دەکەن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2022 نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "حکومەتی ئێران جارێکی دیکە بەشێوەیەکی بەرفراوان ئینتەرنێتی بەسەر زۆربەی دانیشتووانە 84 ملیۆنییەکەیدا داخستووە. لە رێگەی هێڵی ئینتەرنێتی مۆبایلەوە ئاڵنگاریی بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستکردووە، خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێتی قەتیس کردووە و بەکارهێنەرانی ئینتەرنێتی بلۆککردووە و نامەکانیشی بەکۆدکردووە". 
 
پرایس ئاماژە بەوە دەدات، ملیۆنان هاووڵاتیی ئێرانی پشت بە "ئامڕازی دیکە" دەبەستن بۆ ئەوەی پەیوەندی بەیەکەوە یان جیهانی دەرەوە بکەن. دەشڵێت، لە رێگەی بلۆککردن، فیلتەرکردن و داخستنی ئەم خزمەتگوزارییانە، حکومەتی ئێران مافی خۆپێشاندانی ئاشتییانە و ئازادیی رادەربڕین "سەرکوت دەکات". 
 
جگە لەوەش، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری لە پەککەوتنی کەرتەکانی وەکو ئابووری، تەندروستی، دارایی و رێگرتن لە دابەشکردنی مووچە دەدات. هاوکات هۆشداری لەبارەی پەککەوتنی کەرتی پەروەردە، سنووردارکردنی توانای رۆژنامەڤانان، چالاکڤانانی مافی مرۆڤ و راپۆرتەکان لەبارەی پێشێلکارییەکانی بەردەم مافەکانی مرۆڤ دەدات لەو کاتەی کە هێڵی ئینتەرنێت بڕاوە. 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا لە حکومەتی ئێران دەکات "دەستبەجێ" ئەو سنووردارکردنانە هەڵبگرێت کە دەبنە هۆی بێبەشکردنی دانیشتووان لە دەستگەیشتن بە زانیاریی ئۆنڵاین و پەیوەندیکردن بەیەکەوە. هاوکات، داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکات خۆیان لە داخستنی سنوورداری ئینتەرنێت یان تەواوەتیی ئینتەرنێت و بلۆککردن یان فیلتەرکردنی خزمەتگوزارییەکان بەدوور بگرن و رێز لە پابەندییە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی مافەکانی مرۆڤ بگرن، لەنێویدا ماددەکانی 19، 21 و 22ـی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ. 
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا، نێد پرایس دەڵێت، ئەمریکا بە دەربڕینی هاوسۆزی لەگەڵ گەلی ئێران دەبێت بۆ داواکانیان لەپێناو بەرجەستەکردنی مافەکانی ئازادیی رادەربڕین بە "هەردوو شێوەی ئۆنڵاین و ئۆفڵاین". 
 
ئەوە لەکاتێکدایە کە رۆژی 13ـی ئەیلوولی 2022 ژینا ئەمینی، کچە کوردی دانیشتووی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان لە تاران لەلایەن پۆلیسی رەوشتەوە دەستبەسەر کرا، لە بنکەی پۆلیس تەندروستیی تێکچوو و 3 رۆژ دواتر لە نەخۆشخانەیەکی تاران گیانی لەدەستدا. وەک باوکی ژینا دەڵێت، دوای دەستگیرکردنی کوژراوە. 
 
دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، خۆپێشاندان لە 16ی ئەیلوولی ئەمساڵ لە سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان سەریهەڵدا و پاشان سەرانسەری وڵاتی گرتەوە. 
 
هێزە ئەمنییەکان لە سوپا، بەسیج، پۆلیس و دەزگای هەواڵگری بەتووندی وەڵامی خۆپێشاندەرانیان دایەوە و بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، تائێستا لانیکەم 240 کەس کوژراون و سەدان کەس بریندارن و هەزارانیش دەستگیرکراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە