ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران یاسای باڵاپۆشی پەسند کرد

19-10-2024
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران رایگەیاند، یاسای باڵاپۆشی لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە پەسند و رەوانەی پەرلەمان کرا.
 
ئەمڕۆ (شەممە، 19ـی تشرینی یەکەم) هادی تەحان نەزیف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران، قسەکانی چەند پەرلەمانتارێکی ئێرانی سەبارەت بە پەسندکردنی یاسای باڵاپۆشی پشتڕاستیکردەوە و رایگەیاند، ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور یاساکەی پەسند کردووە و رەوانەی پەرلەمان کراوە. 
 
بەپێی یاسای ئێران، هەر پڕۆژە یاسایەک لەلایەن پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە پەسند کرا، تەنیا دوای پەسندکردنی لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە، دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
بەپێی دەستووری ئێران، ئەو یاسایە بەمەبەستی جێبەجێکردن رەوانەی پەرلەمان کراوە، سەرۆکی پەرلەمان یاساکە بۆ سەرۆککۆمار دەنێرێت، بۆ ئەوەی فەرمانی جێبەجێکردنی دەربکات.
 
لەکاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردن، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، رەخنەی لە تووندی و گوشارەکانی سەپاندنی باڵاپۆشی گرت.
 
یاسای باڵاپۆشی لە ئێران کە وەک "یاسای پاڵپشتیکردنی خێزان لە رێگەی برەودان بە کولتووری پاکداوێنی و باڵاپۆشی" دەناسرێت، لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە ئامادە کرابوو و مانگی ئەیلوولی 2023 لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە، بە هەندێک گۆڕانکارییەوە پەسند کرا، بڕیار بوو بۆ ماوەی سێ ساڵ وەک تاقیکردنەوە جێبەجێ بکرێ، بەڵام ئەو کات ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور پەسندی نەکرد.
 
24ـی تشرینی یەکەمی 2023، هادی تەحان نەزیف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران، هۆکاری پەسندنەکردنی یاساکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە ''ناڕوونی تێدا هەیە؛ هەروەها چەندین بڕگەی پێچەوانەی دەستووری ئێرانە.''
 
ئەو یاسایە دوای خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022ـی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، کە ژنان رۆڵی بەرچاویان تێدا گێڕا، لەلایەن حکومەتەوە ئامادە کرا .
 
بەپێی یاساکە، ئەوانەی پابەندی باڵاپۆشی نەبن، سزای زیندانیکردن، پێبژاردن، قەدەخەی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات، قەدەخەی هەبوونی ئەکاونت بەناوی خۆیانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، رێگەگرتنیان لە کارکردن و بێبەشکردن لە مافە کۆمەڵایەتییەکانیان بەسەریاندا دەسەپێنرێت.
 
بەپێی نێوەڕۆکی یاساکە، 26 وەزارەت و دامەزراوەی جیاواز لە ئێران بۆ جێبەجێکردنی ئەرکدار دەکرێن، لەوانە سوپای پاسداران، وەزارەتی ئیتڵاعات و پۆلیس.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە