رووداو-هەولێر
سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی جیاوازییە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان لە وڵاتەکەی بە هەڕەشە نابینێت و هەوڵدەدات کێشەکانیان چارەسەر بکات.
پەرلەمانتارانی سوننە مەزهەب لە پەرلەمانی ئێران دوانیوەڕۆی دوێنێ پێنجشەممە لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆبوونەوە و داوایانکرد حکومەت بەرپرسیارێتی بە شارەزایانی پێکهاتە نەتەوەیی و سوننە مەزهەبەکان بدات؛ ئەوان هەروەها رایانگەیاند، بێکاری و هەڵاوسان لەنێو پێکهاتە نەتەوەیی و سوننە مەزهەبەکاندا زیاترە لە شوێنەکانی دیکەی ئێران و داوایانکرد، ئەو پڕۆژانەی بڕیاریان لەسەر دەدرێت، جێبەجێ بکرێن.
لە بەرامبەردا ئیبراهیم رەئیسی رایگەیاند، بە ئەرکی خۆیانی دەزانن کێشە و نیگەرانییەکانی سوننەکان چارەسەر بکەن؛ هەروەها گوتیشی، بوونی جیاوازیی نەتەوەیی و مەزهەبی لە ئێراندا بە دەرفەت دەبینن، نەک هەڕەشە.
بەگوتەی سەرۆککۆماری ئێران، حکومەتەکەی جیاوازیی ناکات لەنێوان دانیشتووانی ئەو وڵاتە و هەوڵدەدات کێشەکانی وەکو بێکاری و خراپی دۆخی ئابووریی خەڵک لە هەموو ئەو وڵاتەدا چارەسەر بکات.
رەئیسی هەروەها لەبارەی پێدانی بەرپرسیارێتیش بە پێکهاتە نەتەوەیی و سوننەکان بە پەرلەمانتارانی گوت، باوەڕیان وایە دەبێ سوود لە توانای شارەزایانی پێکهاتە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان وەربگیرێت و ئەو کارەش دەکەن؛ گوتیشی، ئەگەر خزمەتگوزارییەکان زیاتر بکەن، ئاسایشی نیشتمانیی ئێران پارێزراوتر دەبێت.
نزیکەی 89٪ـی دانیشتووانی ئێران شیعەن، نزیکەی 10٪یان سوننەن و نزیکەی1٪یشیان ئایینی دیکەیان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ