رووداو دیجیتاڵ
ئیتلاعات و سوپای پاسداران بڵاوکردنەوەی هەواڵی تەقەکردن لە کۆڵبەران لە تۆڕە کۆمەلایەتی و ماڵپەڕەکانی نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان قەدەخە دەکەن.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، هێزەکانی ئیتلاعات و بەشی هەواڵگریی سوپای پاسداران کە بە ئیتلاعاتی سوپا ناسراوە لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندییان بە بەڕێوەبەرانی کەناڵەکانی تەلەگرام و پەیجەکانی ئینستاگرام و فەیسبووک کردووە و پێیانراگەیاندوون، لەمەودوا نابێ هیچ هەواڵێک لەبارەی تەقەکردن لە کۆڵبەران بڵاوبکەنەوە.
رۆژنامەڤانێک لە سەردەشت کە بەهۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "شەوی دووشەممە لە ئیتلاعات و سوپای پاسدارانی سەردەشتەوە پەیوەندی بە بەڕێوەبەرانی زۆربەی کەناڵە تەلێگرامییەکان کراوە و پێیان راگەیاندوون، ئەو کەسانەی لە سنوورەکان دەکوژرێن کۆڵبەر نین، بەڵکو قاچاخچین و نابێ هەواڵی کوشتن و بریندارکردنیان بڵاوبکرێتەوە."
بەگوتەی ئەو رۆژنامەڤانە، هێزە ئەمنییەکانی ئێران پێیانگوتوون هەرکەس سەرپێچی بڕیارەکە بکات، مۆڵەتی کارکردنی لێوەردەگیرێتەوە و دەدرێتە دادگە.
بەڕێوەبەری کەناڵێکی تێلێگرامی لە سەردەشت هەواڵەکەی بۆ رووداو پشتڕاست کردەوە و دەڵێت: "لە یەک دوو مانگی رابردوودا چالاکییەکانیان زۆر زیاتر لە رابردوو سنووردار کراوە و رۆژ بە رۆژ بازنەی کارکردنیان سنووردار دەکرێتەوە."
لە سەرەتای ساڵی 2022ـەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم 11 هاونیشتمانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەکاتی کۆڵبەریدا کوژراون و 82 کۆڵبەریش بریندارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ