ئێران رەتیدەکاتەوە باڵیۆزەکەی لەگەڵ ئیلۆن مەسک کۆبووبێتەوە

16-11-2024
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت "باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ ئیلۆن مەسک کۆنەبووەتەوە."
 
ئەمڕۆ (شەممە، 16ـی تشرینی دووەم) ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە دیداری نوێنەری ئێران لە نیویۆرک لەگەڵ ئیلۆن مەسک رایگەیاند "رەتیدەکەینەوە کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە کرابێت، ئەوە جێگەی سەرسوڕمانە بۆ ئێمە."
 
بەقایی گوتی، "ئەمیر سەعید ئیراڤانی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ ئیلۆن مەسک کۆنەبووەتەوە."  
 
ئیلۆن مەسک یەکێکە لە دەوڵەمەندترین سەرمایەدارەکانی ئەمریکا، تەمەنی 53 ساڵە و لە حکومەتی داهاتووی ئەمریکادا بەسەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی هەڵبژێردراو، دەبێتە وەزیری لێهاتوویی حکومی.
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، ئیلۆن مەسک لە نیویۆرک لەگەڵ ئەمیر سەعید ئیراڤانی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەتەوە و کۆبوونەوەکەش لە ماڵی ئیراڤانی بووە.
 
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەڵێت، "ئامانجی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو لەسەر چۆنیێتیی کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران."
 
رۆژنامە ئەمریکییەکە رایگەیاندووە، مەسک خۆی داوای ئەو کۆبوونەوەیەی کردووە. دوو بەرپرسی ئێرانیش کە ناوەکانیان ئاشکرا نەکراوە رایانگەیاند، کۆبوونەوەکە نزیکەی کاژێرێکی خایاندووە.
 
دوو بەرپرسە ئێرانییەکە گوتیان، ئەو کۆبوونەوەیە وەک "چارەسەرێکی جێگرەوە" بووە بۆ ئێران، بۆ ئەوەی ئێران "خۆی بەدوور بگرێت لە دانیشتن و کۆبوونەوەی فەرمی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا."
 
بەرپرسێکی دیکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش رایگەیاند، ئیراڤانی بە مەسکی گوتووە، پێویستە "کار بکات بۆ ئەوەی بەشێکی سزا سەپێندراوەکانی سەر ئێران لەلایەن وەزارەتی گەنجینەوە لاببرێن. هەروەها بۆ ئەوەی هەندێک لە کۆمپانیا و پرۆژەی خۆی بباتە تاران."
 
لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی لە 2017 بۆ 2021، دۆناڵد ترەمپ ئەمریکای لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشاندەوە. ئەو رێککەوتنە لە ساڵی 2015 لە سەردەمی سەرۆکایەتیی باراک ئۆباما دا کرا. دوای کشانەوە، ترەمپ سزای ئابووریی زۆری خستە سەر ئێران و رێگەی لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان گرت لە ئێران وەبەرهێنان بکەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە