رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی پزیشکیی دادی ئێران رایگەیاند، بەهۆی زۆری رێژەی سووتاویانەوە، ناسنامەی قوربانیانی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی ئاسنی تاران (شادئاباد) دیار نییە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی تشرینی یەکەم، رێکخراوی پزیشکیی دادی ئێران رایگەیاند، تەرمی سێ کەس کە بە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی ئاسنی تاران گیانیان لەدەستداوە، بۆ پزیشکی دادی تاران گواستراونەتەوە، بەڵام ناسنامەی قوربانیان تائێستا دیار نییە و پێویستە پشکنینی تایبەتمەند و DNAیان بۆ بکرێت، تاوەکو بناسرێنەوە.
دوای ئاگرکەوتنەوە، عەلی ساڵحی، داواکاری گشتیی دادگەی شوڕشی تاران لەگەڵ دوو جێگرەکەی گەیشتە شوێنی رووداوەکە و فەرمانی پێویستی دەرکرد بۆ لێکوڵینەوە لە رووداوکە.
شەممە، 12/10/2024، کاژێر 02:00ـی نیوەڕۆ ئاگر لە بازاڕی ئاسن لە ناوچەی شادئابادی تاران کەوتەوە، چەندین دووکان و کۆگە سووتان.
جەلال مەلەکی، گوتەبێژی ئاگرکوژێنەوەی تاران رایگەیاند، تاوەکو ئێستا تەنیا سێ تەرم لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی ئاسنی شادئاباد لە باشووری تاران دۆزراوەتەوە.
سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، مەلەکی گوتی، کاژێر 05:00ـی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ئاگرەکە بە تەواوی کوژێنراوەتەوە.
تاوەکو ئێستا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە دیار نییە و لیکۆڵینەوە دەستیپێکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ