پچڕاندنی ئینتەرنێت هەلی کار لە ئێران کەم دەکاتەوە

10-01-2023
بوردجی میلاد لە تاران
بوردجی میلاد لە تاران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ناڕەزاییەکانی چوار مانگی رابردووی ئێران کاریگەرییان لەسەر زۆر شت داناوە، یەک لەوان هەلی کارە. بەپێی راپۆرتە مەیدانییەکان، لەو ماوەیەدا هەلی کار کەمتر بووەتەوە و بەشێک لەوانەی کاریان هەبووە، دەرکراون. 
 
ماڵپەڕی "جاب ڤیژن"ـی ئێران کە تایبەتە بە کاری ئینتەرنێت لەو وڵاتە، لە راپۆرتێکدا دەڵێت، دوای دەستپێکردنی ناڕەزاییەکان، لە هەر پێنج کەس کە لە بواری ئۆنلاین و ئینتەرنێتیدا کاریان دەکرد، یەکێکیان پیشەکەی لەدەستداوە و پێشبینی دەکرێت 16٪ـی دیکەش دەربکرێن. هەروەها دەڵێت، 80٪ـی کۆمپانیا و رێکخراوەکان بەهۆی سنووردارکردنی ئینتەرنێت، پلانی دامەزراندنیان گۆڕیوە و 46%یان دامەزراندنیان بە رێژەی 50٪ کەمکردووەتەوە. 45٪یشیان مووچەی فەرمانبەرەکانیان کەمکردووەتەوە.
 
دوای دەستپێکردنی ناڕەزاییەکان، حکومەتی ئێران ئینتەرنێتی سنووردار کرد و ئینستاگرام و واتسئاپی فیلتەر کرد کە پڕ بازاڕترین تۆڕی کۆمەڵایەتی و پەیوەندین لەو وڵاتەدا.
 
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی تۆپ تێن ڤی پی ئێن کە ساڵانە رێژەی زیانە ئابوورییەکان بەهۆی سنووردارکردنی ئینتەرنێت لە وڵاتانی جیهان بڵاودەکاتەوە، ساڵی 2022 حکومەتی ئێران دوو هەزار و 179 کاژێر ئینتەرنێتی پچڕاندووە و چوار هەزار و 863 کاژێر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فیلتەر کردووە، ئەو کارە کاریگەری لەسەر 72 ملیۆن بەکارهێنەری ئینتەرنێت لە ئێران داناوە و 773 ملیۆن دۆلار زیانی بە حکومەت و خەڵک گەیاندووە.
 
عیسا زارعپوور، وەزیری پەیوەندییەکانی ئێران گوتی، "هیچ کەس نە لە حکومەت و نە لە پەرلەمان بەدوای داخستن و سنووردارکردنی ئینتەرنێتەوە نییە. باسەکە لەسەر ئەوەیە، ئێستا کە ئینتەرنێت بووەتە سەرەکیترین بەشی ژیانی خەڵک و تەواوی ژیانیان بەستراوەتەوە بە ئینتەرنێت، دەبێ بنەما و یاسایەک هەبێ بۆی. لە هەموو جیهانیشدا بەو شێوەیەیە. دوایین یاسا کە ئێمە دامانناوە، یاسای تاوانە کۆمپیوتەرییەکانە کە ساڵی 2009 پەسەندکراوە."
 
بەپێی راپۆرتی ناوەندی ئامار، 65٪ـی خەڵکی ئێران بە بەردەوامی کەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەردەگرن و داهاتی نزیکەی 11 ملیۆن کەس لەو وڵاتە، پەیوەندی بە ئینتەرنێتەوە هەیە. سنووردارکردنی ئینتەرنێت و فیلتەرکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کاریگەری لەسەر ژیانی زۆربەی ئەو کەسانە داناوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە