ئێران دەڵێت نوێکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی "بێسوودە"

09-12-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی شەممە رایگەیاند، نوێکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان، تاوەکو دێت "بێسوودتر" دەبێت.
 
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە گوتارێکدا بۆ خوێندکارانی زانکۆی تاران، گوتی: "ئەمڕۆ، بە تێپەڕبوونی کات، رێککەوتنی ئەتۆمی بێسوودتر دەبێت".
 
ساڵی 2015 ئێران رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی واژۆکرد و رەزامەندی دەربڕی کە لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزا ئابووریەکانی سەر تاران، بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنوورداربکات.
 
رێککەوتنەکە لەگەڵ زلهێزەکانی جیهاندا واژۆ کرابوو، لەوانە چین، رووسیا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، بەڵام کاتێک ئەمریکا بە شێوەیەکی تاکلایەنە لەسەر دەستی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی لە ساڵی 2018 کشایەوە، رێککەوتنەکە پەکیکەوت. 
 
ئەمریکا دووبارە سزا قورسەکانی بەسەر ئێراندا سەپاندنەوە و بانک و بازرگانییە نێودەوڵەتییەکانیش لە ئێران دوور کەوتوونەتەوە.
 
هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنەکە لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکاوە لە نێوەڕاستی ساڵی 2022ـەوە وەستاون.
 
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان گوتی: "لەبەرئەوەی هێڵە سوورەکانی [ئێران] هەندێکجار لەلایەن لایەنی بەرامبەرەوە پشتگوێ خراون، ئێستا ئێمە لەسەر رێگەی گەڕانەوە بۆ رێککەوتنەکە نین".
 
گوتیشی: "بێگومان ئەمە بەو مانایە نییە کە ئێمە رێککەوتنەکەمان بەلاوە ناوە، ئەگەر رێککەوتنەکە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانمان بکات، بە هەموو کەموکوڕییەکانییەوە قبووڵی دەکەین." 
 
رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردبوو کە لە بابەتی ئێراندا شکست نەهێنن وەک ئەوەی لە کۆریای باکووردا کردیان، کە ئێستا خاوەن چەکی ئەتۆمییە.
 
ئێران دەڵێت، بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەتەواوی ئاشتییانەیە، بەڵام لە ساڵی 2021ـەوە ئاژانسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چاودێریکردنی پەرەپێدانی بەرنامەکەدا رووبەڕووی ئاستەنگ و زەحمەتی بووەتەوە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە