سێ کورد بە تۆمەتی دەستهەبوون لە کوشتنی فەخریزادە بە لەسێدارەدان سزادران؛ 'یەکێکیان خەڵکی سلێمانییە'

06-11-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی ورمێ بە تۆمەتی دەستهەبوون لە کوشتنی بەرپرسی بەشی سەربازیی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران، چوار کەسی بە لەسێدارەدان سزا دا، رێکخراوێکی مافی مرۆڤ پشتڕاستی دەکاتەوە سێیان کوردن و یەکێکیان خەڵکی سلێمانییە.
 
پەیوەندییە گشتییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی دادی ورمێ ئەمڕۆ (چوارشەممە) رایگەیاند، لە دوو لقی دادگەی ئەو شارەدا سزای لەسێدارەدان بەسەر چوار تۆمەتباری دۆسیەی کوشتنی موحسین فەخریزادەدا سەپێندراوە.
 
دادی ورمێ دەڵێت، سێ کەسیان تۆمەتبار بوون بە گواستنەوەی کەلوپەلی پێویست بۆ کوشتنی فەخریزادە و گەیاندنی کەلوپەلەکان بۆ شوێنی رووداوەکە و هاوکاریکردنی مۆسادی ئیسرائیل.
 
رێکخراوێکی مافی مرۆڤی کوردستان ناسنامەی ئەو سێ کەسەی بە گواستنەوەی کەلوپەلەکان تۆمەتبار کراون، ئاشکرا دەکات.
 
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەو سێ کەسەی لە دادگەی ورمێ بە تۆمەتی هاوکاریکردنی ئیسرائیل و دەستهەبوون لە کوشتنی موحسین فەخریزادە بە لەسێدارەدان سزا دراون، کوردن و خەڵکی سەردەشت و سلێمانین.
 
دوو لەو سزادراوانە بە ناوی ئیدریس ئالی و ئازاد شوجاعی خەڵکی گوندی دۆڵە گەرمەی سەردەشت و ئەوی دیکەش بە ناوی رەسوول ئەحمەد محەممەد خەڵکی سلێمانییە.
 
ئەسغەر جەهانگیر، گوتەبێژی دەزگای دادی ئێران رۆژی سێشەممە رایگەیاند، سێ کەس کە دەستیان هەبووە لە گواستنەوەی ئەو کەلوپەل و چەکانەی موحسین فەخریزادەی پێ کوژراوە، بە لەسێدارەدان سزا دراون، بەڵام ئاماژەی بە ناوەکانیان نەکرد.
 
موحسین فەخریزادە، بەرپرسی بەشی سەربازیی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران لە 27-11-2020 لە ناوچەی ئابسەرد لە دووریی 80 کیلۆمەتری تاران کوژرا. ئێران، ئیسرائیل بە کوشتنی تۆمەتبار دەکات لە رێگەی چەکێکی ئۆتۆماتیکەوە.
 
عەلی ساڵحی، داواکاری گشتیی تاران لە 25-09-2022 رایگەیاند، بە گشتی 14 کەس لەسەر دۆسیەی کوشتنی فەخریزادە دەستبەسەر کراون و بە هەوڵدان دژی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل، تۆمەتبار کراون.
 
میدیاکانی ئێرانیش لە مانگی 12ـی 2020 بڵاویانکردبووەوە، حکومەتی عێراق ژمارەیەک کەسی ئێرانی رادەستی ئەو وڵاتە کردووەتەوە کە گومان دەکرێت لە کوشتنی موحسین فەخریزادەدا بەشدار بن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە