رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی هێزە چەکدارەکان، سوپای پاسداران، سوپا، پۆلیس، وەزارەتی بەرگری، وەزارەتی ئیتلاعات، وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی ناوخۆ، رێکخراوی وزەی ئەتۆم و ناوەندی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی ئێران کۆبوونەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی تشرینی یەکەم، ئیبراهیم رەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، "کۆبوونەوەکە بۆ گفتوگۆکردن بوو لەبارەی ئامادەکاری هەر کام لەو لایەنانە بۆ ئەو دۆخەی ئێستا هەیە".
رەزایی دەڵێت، "هەریەک لەو لایەنانە راپۆرتیان پێشکێش کرد و ئاماژەیان بەوە کرد لە ئامادەیی تەواودان بۆ هەر ئەگەرێک".
ئیبراهیم رەزایی گوتیشی، "هەر هەڕەشەیەک لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران هەبێت، رووبەرووی دەبینەوە، کاردانەوەی خێرا و تووندمان دەبێت. هیچ سازشێک ناکەین و لە بەرزترین ئاستدا و بە تووندترین شێوە وەڵامی هەڕەشەکان دەدەینەوە".
رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2024، ئێران هێرشێکی مووشەکی فراوانی کردە سەر ئیسرائیل.
سوپای پاسداران هەمان رۆژ لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بە 200 مووشەک هێرشەکەی کردووە کە وەڵامێک بووە بۆ کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس؛ حەسەن نەسروڵڵا، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵا و عەباس نیلفرووشان، فەرماندەی سوپای پاسداران لە لوبنان.
حکومەتی ئیسرائیلیش دەڵێت، وەڵامی هەر هێرشێک دەداتەوە کە بکرێتە سەر وڵاتەکەی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ