کچێکی ئێرانی بە 23 ساڵ لە کۆچبەرییەوە دەبێتە ملیاردێر

05-09-2020
نورا ئەمجەد
نیشانەکردن ئێران بازرگانی
A+ A-
 
 رووداو دیجیتاڵ

شەهرەزاد رفعەتی تەمەنی تەنیا 13 ساڵ بوو کاتێک بڕیاری دا ڕۆژێک کۆمپانیایەکی جیهانی دابمەزرێنێت. هەروەها دەیزانی کە ناتوانێت خەونەکەی بەدی بهێنیت ئەگەر لە ئێران بمێنێتەوە.
 
لە تەمەنی 17 ساڵیدا هەستی سەرکردایەتی و باوەڕبەخۆبوونی هەبوو و لە رازیکردنی دایک و باوکی سەرکەوتوو  بوو بۆ ئەوەی بە تەنیا بچێتە زانکۆ لە شاری ڤانکۆڤەری کەندا.
 
 
بە تەنیا جانتایەکەوە گەیشتە کەنەدا
 
شەهرەزاد ساڵی 1996 بە جانتایەک و زانیاریی سنوورداری زمانی ئینگلیزی گەیشتە کەنەدا. ئەو دەڵێت: "کاتێک گەیشتمە وڵاتە نوێیەکە، نەمتوانی تێبگەم کە ویستم چی بڵێم. پێم وایە رەنگە گەورەترین تەحەددا بووبێت، بەڵام لە ژیانمدا پێداگریم لەسەر ئەوە کرد کە کاری لەسەر بکەم".
 
ئەمڕۆ ئەو خانمە 40 ساڵە و بەردەوامە لە بەڕێوەبردنی "bbtv" کە لە ساڵی 2005 دایمەزراندووە. ئەوەش یارمەتیی کڕیارانی جیهان دەدات بۆ ئەوەی داهاتی ڕێکلام لە ڤیدیۆکانی یوتوب، فەیسبووک، ماڵپەڕ و چەند بەرنامەیەکی دیکەدا دەستەبەر بکەن.
 
بەپێی ئامارەکانی کۆمسکۆر کۆمپانیاکە لە رووی ژمارەی بینەرەوە لەنێو 12 وڵاتدا کە نووسینەگەی سەرەکییان لە ڤانکۆڤەری کەنەدا هەیە لە پلەی دووەمدایە.
 
کۆمپانیاکە بۆ پەرەپێدان لە بواری ئۆنلاین هەموو کارەکانی کۆمپانیاکانی بواری تەکنەلۆژیا و بازرگانی دەگرێتە ئەستۆ. ئەوانەی کە ئێستا کاریان بۆ دەکەن بریتین لە: ئێن بی ئەی، فرێمانتڵ میدیا و سۆنی. 
 
برۆدباند کار لەسەر چوار لایەن دەکات. پێوانەی ئەوە دەکات کە چۆن لەگەڵ کارمەندەکان هەڵسوکەوت دەکرێت و هەروەها لایەنی کۆمەڵایەتی، ژینگە و دارایی کارمەندەکان لە کارەکانی ئەو کۆمپانیایە هەڵدەسەنگێنرێن.
 
 
کڕیارەکانی بریتین لە کۆمەڵەی نیشتیمانیی باسکە، سۆنی، وارنەر برۆس و دیزنی
 
رۆژنامە کەنەدییەکان نرخی کۆمپانیاکە بە زیاتر لە ملیاریک دۆلاری ئەمریکی دەخەمڵێنن.
 

شەهرەزاد ساڵی 1979 لە تاران لە دایک بووە. باوکی بازرگانی بواری کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی بووە و دایکی بەڕیوەبەری کۆمپانیای چنین بووە.
 
لەکاتی شۆڕش و شەڕی عێراق و ئێران کە لە ساڵانی 1980-1988 درێژەی کێشا، ژیانی خێزانی شەهرەزاد لە پایتەختی ئێران قورس بوو، لە شارەوە چوونەوە گوند تا نەبنە
قوربانیی شەڕەکە.
 

شەهرەزاد دەڵێت، شەڕی عێراق و ئێران 8 ساڵی خایاند و خێزانم بەشی زۆری سامانەکەیان لەدەست دا. دەمزانی پێویستم بە ژیانێکی باشترە بۆ داهاتوویەکی باشتر بۆ بەدیهێنانی یەکسانی، بۆیە کە گەیشتمە تەمەنی هەرزەکاری پێداگربووم لە گەشتکردن و پێکهێنانی ژیانێکی باشتر لە دەرەوەی وڵات.
 
شەهرەزاد لە زانکۆی کۆلۆمبیای بەریتانی لە ڤانکۆڤەر تەکنۆلۆجیای زانیاریی دەخوێنێت. زانیاریی زۆری لەسەر کۆمپیوتەر نەبووە و تەنانەت کۆمپیوتەریشی نەبووە، بەڵام حەزی لە بیرکاری و تەکنۆلۆجیا بووە.
 
 
ساڵی 2000 زانکۆ تەواو دەکات و لە زانکۆی سۆربۆن لە پاریس دەست بە خوێندنی زمانی فەرەنسی دەکات و دوایی بەڕێوەبردن و سەرکردایەتی لە کۆلێژی کار لە زانکۆی ئۆکسفۆرد تەواو دەکات.
 
شەهرەزاد دەڵێت، هەردەم ئارەزووی لە چۆنیەتیی شۆڕشی مۆسیقای ئەپڵ بووە و پێی خۆش بووە بزانێت خەڵک چۆن دەستیان کرد بە بازرگانیکردنی مۆسیقا لە رێگەی ئایپۆد و خزمەتگوزاریی ئایتیونزەوە و دەڵێت، "بۆم دەرکەوت کە ڤیدیۆکە لەسەر هێڵ رووبەڕووی هەمان چارەنووس دەبێتەوە".
 
ئەو دەڵێت، "ئەو گۆڕینە خێرایە کە چۆن خەڵک روو لەمۆسیقا دەکەن ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی بواری ڤیدیۆکە چی دەبێت. دەنگ و ناوەڕۆکی دەنگی لەسەرەتای گەشەکردنیدا بوو"
 
شەهرەزاد ساڵی 2005 کە تەمەنی 25 ساڵ بوو کۆمپانیاکەی بە ناوی BBTV دامەزراند کە ئەوەش هەمان ساڵە کۆمپانیای یوتیوب دامەزراوە.
 

سەرەتا کۆمپانیاکە ئامێری لابردنی هێمای نهێنیی لەسەر ڤیدیۆکان دانا بۆ ئەوەی بەکاهێنەران بتوانن ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە مۆبایلی خۆیانەوە ببینن، بەڵام ئەم ئامێرە زۆر بڵاو نەبوو و خەڵک پێی خۆشبوو ڤیدیۆکان لە کۆمپیوتەر سەیربکات، هەر بۆیە تەنیا لە ماوەی سێ مانگدا شەهرەزاد بڕیاری گۆڕینی بازرگانیی کۆمپانیاکەی دا.
 
ئەو دەڵێت، "دەبێت بەخێرایی شکست بهێنیت و زوو لە هەڵەکانی خۆتەوە فێر ببیت".
 
شەهرەزاد ئاماژەی بەوە دا کە بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت ڤیدیۆ هاکدەکەن و لەسەر سەکۆکانی ئینتەرنێت هەڵیاندەگرن وەک ئەوەی ڤیدیۆیەکی نوێ بێت لە یوتیوب. دوای ئەوە خاوەن فیلم و کۆپی و کۆمپانیاکانی تەلەفزیۆن بەخێرایی دەجووڵێنەوە بۆ ئەوەی داوا بکەن لاببرێن. 
 
بیرۆکە گەورەکەی ئەو خانمە ئەوە بوو کە بەرنامەیەک دروست بکات رێگە بەو کۆمپانیایانە بدات سوود لەو ریکلامانە وەربگرن کە لەسەر هەموو ئەو سەکۆیانە دایانناون لە جیاتی ئەوەی بەدوای لابردنیانەوە بن.
 
تراکەکانی BBTV ناوەڕۆکی بارکراوی وەک تایبەتمەندیی وەرزشی یان ڤیدیۆ و فیلم لە رێگەی تەکنەلۆژیای دەنگ و ناسینەوەی ڤیدیۆ و پاشان ریکلام لەسەر ڤیدیۆ بۆ کۆمپانیا یان رێکخراوە وەرزشییەکان بە ئامانج دەگرێت و لە بەرامبەردا BBTV رێژەیەک لەو داهاتە وەردەگرێت.
 
دوای تەنیا دوو ساڵ لە دامەزراندنی کۆمپانیاکە، BBTV گرێبەستێکی لەگەڵ یەکێک لە کڕیارە سەرەکییەکانی خۆی کرد کە کۆمەڵەی نیشتمانیی تۆپی باسکەیە کە ئەمڕۆ گرێبەستی لەگەڵیدا هەیە.
 
شەهرەزاد دەڵێت، "لە بیستەکانی تەمەنمدا بووم و زۆر شڵەژاوبووم، بەڵام بە راستی دڵنیا بووم لە چارەسەرەکانمان".

 

 
بۆ یارمەتیدان لە گەشەکردنی بازرگانییەکەی، ژمارەیەک لە وەبەرهێنەکانی ڕاکێشاوە، لەوانە حامید شەهبازی، بازرگانی تەکنەلۆجیای کەنەدی و دواتر لە ساڵی 2013دا گرووپی RTL پشکی لە ٪51ی لە کۆمپانیاکە بە 36 ملیۆن دۆلار کڕییەوە.
 
دواتر RTL پشکی خۆی بۆ 57,3% زیاد کرد، بەڵام شەهرەزاد هێشتا یەکێک لە گەورەترین پشکی تاکەکەسیی هەیە.
 
RTL لێدوانی دارایی جیاجیا بۆ BBTV بڵاو ناکاتەوە، بەڵام بەشی "چالاکییە دیجیتاڵییەکان" کە کۆمپانیای کەنەدی و دوو کۆمپانیای دیکە لە خۆ دەگرێت، ساڵی ڕابردوو بڕی 539 ملیۆن دۆلاری دەست کەوتووە.
 
هەروەها BBTV ئێستا بەرنامە بۆ یارمەتیدان لە دروستکردنی ڤیدیۆی سەرهێڵ بەرهەم دەهێنێت و خزمەتگوزاریەکانی بەردەستن بۆ تاک و کار. ئەو ڤیدیۆیانەی کە بە تەکنەلۆجیای جۆراوجۆرەوە بەستراون، لە ساڵی 2019دا 429 ملیار جار بینراون.
 
ستیفانیا فارالی، بەڕێوەبەری ژنانی کاریگەری کەنەدا کە ژنانی بازرگان و سەرکردەکانی دیکەیان تێدایە دەڵێت، نهێنییەکەی شەهرەزاد ئەوەیە کە لە بوارەکەدا توانای بەردەوامبوونی لە پێشکەوتن هەیە.
 
فارالی دەڵێت: شەهرەزاد بەردەوام لە پێشکەوتندایە، هەر بۆیە لە پێشەوەی یارییەکەوەیە.
 

شەهرەزاد وەک بازرگانێک لە پیشەسازییەکی پیاوسالاریدا دەڵێت کە دەبووایە زیاتر لە هاوتا پیاوەکانی کار بکات و بۆ ئەو هیچ بوارێکی هەڵەکردن نەبووە.
 
شەهرەزاد لە BBTV خەونی خۆی بۆ دروستکردنی کۆمپانیایەکی جیهانی بەدەست هێنا کە 400 فەرمانبەری لە چوار ناوەندی سەرەکیدا هەیە. بارەگای سەرەکییان لە شاری ڤانکۆڤەرە و لە نیویۆرک، لۆس ئەنجلس و مۆمبای نووسینگەیان هەیە.
 
شەهرەزاد دەڵێت کە جیاوازیی پارە لە نێوان فەرمانبەرانیدا نییە و ژنان 43%ی کۆی هێزی کاری کۆمپانیاکەی پێکدەهێنن.
 
ئەو دەڵێت، "ئەمە زۆر مایەی شانازیمە و هۆکارێکی سەرەکییە بۆ سەرکەوتنمان لە BBTV".
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە