رووداو دیجیتاڵ
ئێران و ئازەربایجان مانۆڕێکی سەربازیی هاوبەش لە پارێزگای ئەردەبیلی ئێران دەکەن. سوپای پاسداران دەڵێت، ئەو مانۆڕە بە ئامانجی پەرەپێدانی هاوکارییە سەربازییەکان و دوولایەنەیە بۆ "رووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەکدارە نایاساییەکان".
بە گوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، مانۆڕی سەربازیی هاوبەشی ئێران و ئازەربایجان لە ژێر ناوی "مانۆڕی هاوبەشی ئەرەس" لە ناوچەی ئەسلاندوزی سەر بە پارێزگای ئەردەبیل لە باکووری رۆژئاوای ئێران بەڕێوەدەچێت و هێزی زەوینیی سوپای پاسداران و هێزێکی تایبەتی سوپای ئازەربایجان تێیدا بەشدارن.
پەیوەندییە گشتییەکانی هێزی زەوینیی سوپای پاسدارن لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "مانۆڕەکە لە رۆژی یەکشەممە 24ی تشرینی دووەمەوە دەستیپێکردووە و بۆ چوار رۆژ بەردەوام دەبێت."
بە پێی راگەیێندراوی هێزە زەوینیی سوپای پاسداران، "ئامانج لە مانۆڕەکە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات، هاوکاریی دوولایەنە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەکدارە نایاساییەکان، پاراستنی ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکان، پەرەپێدانی توانا سەربازییەکان و هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنانەی کراون."
بەڕێوەچوونی ئەو مانۆڕە سەربازییە هاوبەشە لەنێوان ئێران و ئازەربایجان لە کاتێکدایە، پەیوەندییەکی باش لەنێوان تاران و باکۆدا نییە.
بەرپرسانی ئێرانی چەندین جار رایانگەیاندووە، ئازەربایجان رێگەی داوە ئیسرائیل بنکەی سەربازی لە نێو خاکەکەیدا بکاتەوە و تەنانەت فڕۆکەخانەی سەربازیشی لە نزیک سنووری ئێران خستووەتە خزمەتی ئەو وڵاتەوە، بەڵام ئازەربایجان ئەو تۆمەتە رەت دەکاتەوە.
ئێران و ئازەربایجان لەسەر مژاری رێڕەوی زەنگەزوور کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان ئەرمینیا و ئێران ناکۆکییان هەیە.
ئازەربایجان دەڵێت، بە پێی رێککەوتنەی لەگەڵ ئەرمینیا واژۆی کردووە، پێویستە رێڕەوێک کۆماری ناخجیڤان بە خاکە سەرەکییەکەیەوە ببەستێتەوە، بەڵام ئێران ئەوە وەک هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی خۆی ناودەبات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ