رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی عەلی خامنەیی دەڵێت، "ئەگەر حکومەتی نوێی ئەمریکا دەیەوێت ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، دەبێت مەرجەکانی کۆماری ئیسلامی قبووڵ بکات."
عەلی لاریجانی، راوێژکاری عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "ئەمریکا رێککەوتنی پێشووی ئەتۆمیی پەکخست و لێی کشایەوە، بەوەش زیانی بە ئێران گەیاند. ئەگەر حکومەتی نوێی ئەمریکا دەیەوێت ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، دەبێت مەرجەکانی کۆماری ئیسلامی قبووڵ بکات، زیانەکانمان قەرەبوو بکاتەوە، مافی زیاترمان پێبدات و دانوستاندن بۆ رێککەوتنێکی نوێ دەستپێبکات."
لاریجانی دەشڵێت، "ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ سەروو 60% بەرزکردووەتەوە."
رۆژی 21-11-2024 ئەنجوومەنی دادوەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بڕیارنامەیەکی دژی ئێران پەسند کرد، کە سەرکۆنەی "زیاتربوون"ی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە و هاوکارینەکردنی پێویستی تارانی لەگەڵ ئاژانسەکە کرد.
رافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم گوتی، روونە کە بەرپرسانی ئێران بڕێکی زۆری یۆرانیۆمیان بە ئاستێکی زۆر بەرز پیتاندووە، کە "جێگەی نیگەرانییە بۆ زۆربەی وڵاتانی جیهان."
ساڵی 2018 ئیدارەی ئەو کاتی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ تاکلایەنانە لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە و لە بەرامبەردا ئێران دەستی بە بەرزکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ