40 خوێندکاری زانکۆیەکی ئێران ژەهراوی بوون

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ژمارەیەک لە خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکیی شوشتەری سەر بە پارێزگای خوزستانی ئێران ژەهراوی بوون. بریکاری کۆلێژەکە بۆ کاروباری دەرمان دەڵێت، ''خوێندکارەکان دوای خواردنی ژەمی ئێوارەی دوێنێ ژەهراوی بوون، بەڵام ئێستا تەندروستییان جێگیرە.''
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 24-11-2024، سوغرا گەنج، بریکاری کۆلێژی پزیشکیی شاری شوشتەری سەر بە پارێزگای خوزستانی ئێران بۆ کاروباری دەرمان رایگەیاند، دوای خواردنی ژەمی ئێوارەی دوێنێ شەممە، 40 خوێندکاری کۆلێژەکە ژەهراوی بوون و گەیێندرانە نەخۆشخانە.
 
تاوەکو ئێستا هۆکاری ژەهراویبوونی خوێندکارەکان رانەگەیێندراوە، بەڵام سوغرا گەنج گوتی، دوای ئاگادارکردنەوەیان، دەستبەجێ دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هۆکاری رووداوەکە کردووە.
 
بریکاری کۆلێژی پزیشکیی شوشتەر بۆ کاروباری دەرمان ئاماژەی بەوەش کرد، سەرجەم رێکارەکانی وەرگرتنی چارەسەر بۆ خوێندکارە ژەهراویبووەکان گیراوەتەبەر و ئێستا تەندروستییان جێگیرە. 
 
ژەهراویبوونی ئەو خوێندکارانە لەکاتێکدایە کە 9ـی تشرینی دووەم، 70 خوێندکاری زانکۆی پەروەردەیی مامۆستایی (شەهید رەجایی) لە تاران، دوای خواردنی ماسی و پەتاتە لە یەکێک لە ژەمەکانی خواردندا ژەهراوی بوون و سەرجەمیان گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە.
 
پێشتر چەندینجار بەشێک لە خوێندکارانی  ئێرانی، بەهۆی ''خراپی کواڵێتی''ـی خواردن لە زانکۆکان، ناڕەزاییان دەربڕیوە و ڤیدیۆی خواردنەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کردووەتەوە. 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە