وەزیری تەکنەلۆجیای زانیاریی ئێران: زیانی ئابووریی فیلتەرکردنی ئینتەرنێت زیاتر لە 50 تریلیۆن تمەنە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری گەیاندن و تەکنەلۆجیای زانیاریی ئێران دەڵێت، زیانی ئابووریی فیلتەرکردنی ئینتەرنێت لەو وڵاتە زیاتر لە 50 تریلیۆن تمەنە (کە دەکاتە زیاتر لە 735 ملیۆن دۆلار).
 
سەتار هاشمی، وەزیری گەیاندن و تەکنەلۆجیای زانیاریی ئێران لە کۆبوونەوەی لیژنەی گەشەپێدانی کار و ئابووریی دیجیتاڵی خوراسانی رەزەوی، باسی لە کێشە و ئاڵنگارییەکانی بەردەم کەرتی ئینتەرنێت لە ئێران کرد. رایگەیاند، فیلتەرکردنی ئینتەرنێت بووەتە کێشەیەکی سەرەکی بۆ هەموو هاووڵاتییان، چونکە کواڵێتیی ئینتەرنێت و تۆڕەکانی گەیاندن بە گشتی لە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
 
هاشمی ئاماژەی بە ئەنجامی راپرسییەکی مەیدانی کرد و گوتی، "نزیکەی 10٪ـی داواکاری بەکارهێنەرانی ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بە سایتە بیانییەکان بێ وەڵام ماوەتەوە"؛ راشیگەیاند "هۆکاری ئەم کێشەیە؛ پیسبوونی تۆڕەکانی پەیوەندیی ئێرانە بەهۆی بەکارهێنانی بەربڵاوی فیلتەرشکێنەکانەوە."  
 
بەگوتەی وەزیری گەیاندن و تەکنەلۆجیای زانیاریی ئێران، کۆچی چینێکی دیاریکراو و دروستکردنی ئاڵنگاری بۆ بازرگانیی دیجیتاڵی لە ئەنجامە نەرێنییەکانی ئەو هەنگاوەن.
 
سەتار هاشمی دەڵێت، "بەهۆی فیلتەرکردنی ئینتەرنێتەوە، زیاتر لە 50 تریلیۆن تمەن (735 ملیۆن دۆلار) زیانی ئابووری دەگاتە ژێرخانی تۆڕەکانی پەیوەندیکردن لە ئێران، هەروەها بازاڕێکی رەشی داراییش دروستبووە کە بەهاکەی دەگاتە دەیان ملیار تمەن."
 
حکومەتی ئێران دەڵێت، بەردەوامیی فیلتەرکردنی ئینتەرنێت قبووڵکراو نییە و خەریکی تاوتوێکردنی پڕۆژەیەکن کە هاوکات لەگەڵ لابردنی فیلتەر، کۆنترۆڵی بەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە دەبێت.
 
بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی ئێران جەخت لەوە دەکەنەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە پابەندە بە بەڵێنەکەی سەبارەت بە هەڵگرتنی فیلتەر لەسەر ئەنتەرنێت.
 
فاتمە موهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران هەفتەی رابردوو رایگەیاندبوو، "هەڵگرتنی فیلتەر و رێکخستنەوەی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە مژارە گرنگەکانن و لە بەرنامەی حکومەتدان."

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە