رووداو دیجیتاڵ
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران 'فەرمانی' بە بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەی کردووە لە وەڵامی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس، 'ئەمجارە راستەوخۆ ئیسرائیل بکەنە ئامانج.'
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، لەدوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە و پاسەوانە تایبەتەکەی لە شوێنی مانەوەی لە باکووری شاری تاران، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران کۆبووەتەوە و فەرمانی بە بەرپرسانی ئێرانی کردووە، ئەمجارە دەبێت وەڵامی ئێران ئەوە بێت، کە راستەوخۆ ئیسرائیل بکاتە ئامانج.
هەروەها لەو کۆبوونەوەیەدا، خامنەیی داوای لە بەرپرسان کردووە 'لە ئەگەری فراوانبوونی جەنگ لە ناوچەکە و هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، پلانی هێرش و بەرگریش ئامادە بکەن.'
هەرچەندە ئێران و بزووتنەوەی حەماس بە فەرمی ئیسرائیلیان بە کوشتنی هەنییە تۆمەتبار کردووە، بەڵام ئیسرائیل بە فەرمی هیچ قسەیەکی لەسەر ئەو هێرشە نەکردووە.
شەوی چوارشەممە، لە گوتارێکدا، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هاووڵاتییانی ئاگادارکردەوە لەوەی قۆناخێکی قورس چاوەڕێیان دەکات.
گوتیشی "ئیسرائیل بۆ هەموو سیناریۆیەک ئامادەیە. بۆ هەموو ئەوانەشی بەنیازن وڵاتەکەیان بکەنە ئامانج، ئەوا؛ هەموو دوژمنکارییەک دژی ئیسرائیل باجێکی قورسی دەبێ،" بێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بە ئیسماعیل هەنییە بکات.
تەنیا رۆژێک پێش کوژرانی، خامنەیی لەگەڵ ئیسماعیل هەنییە کۆببووەوە. هەنییە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی نوێی ئێران سەردانی تارانی کردبوو.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی کە لە زاری چەند بەرپرسێکی ئێرانی بڵاویانکردووەتەوە، یەکێک لە بژارەکانی وەڵامی ئێران، هێرشێکی هاوبەشی درۆن و مووشەکییە هاوشێوەی هێرشەکەی مانگی نیسانی رابردوو بۆ سەر چەند ئامانجێكی سەربازیی ئیسرائیل لە نزیک تەلئەڤیڤ و حەیفا.
هەروەها فەرماندەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئێران هاوئاهەنگی لەگەڵ گرووپەکانی نزیک لەخۆی لە ناوچەکە بەتایبەت لە سووریا، عێراق و یەمەن دەکات، بۆ "دروستکردنی زۆرترین گوشار" لەسەر ئیسرائیل.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ