پەرلەمانتارێکی کورد داوا دەکات ئێران بە خێرایی چەکی ئەتۆم دروست بکات

06-04-2025
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی کورد لە ئێران، داوا دەکات کۆماری ئیسلامیی ئێران بەخێرایی بەرەو دروستکردنی چەکی ئەتۆم هەنگاو بنێت و دەڵێت، ئەمساڵ ساڵێکی هەستیار و چارەنووسسازە بۆ ئێران و تەنیا بە هەبوونی ئەو چەکە، دەتوانن رووبەڕووی زیادەخوازیی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا ببنەوە.
 
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 6ی نیسانی 2025) قەسیم عوسمانی، پەرلەمانتاری بۆکان لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا بە یەک کەرەستە دەتوانێت رووبەڕووی زێدەخوازیی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی دژبەری ببێتەوە، ئەویش چەکی ئەتۆمییە.
 
بە گوتەی پەرلەمانتارەکەی بۆکان، ئەگەر ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، چیدیکە وڵاتان ناتوانن هەڕەشەی هێرشی لێبکەن و بۆ دانوستاندنیش پێگەیەکی یەکسانیان دەبێت.
 
قەسیم عوسمانی گوتی "خۆدوورخستنەوە لە پێکدادانی سەربازی شتێکی عەقڵانی و لۆژیکییە، بەڵام زێدەخوازیی داگیرکاریی جیهانی بە شێوەیەکە، کە رێگەیەکی دیکەمان لەپێشدا ناهێڵێتەوە. کاتێک دەتوانین پێشیان پێ بگرین، کە کەرەستەی پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی ملهوڕی و زێدەخوازیی ئەوانمان لەدەستدابێت و تەنیا رێگە بۆ ئەوە، هەنگاونانی خێرا و بێ وەستانە بەرەو دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، وەکو کەرەستەیەک کە دەتوانێ پێشیان پێ بگرێت."
 
ئەو پەرلەمانتارە کوردە هەروەها دەڵێت، "زانستی ئەتۆمی بەو هەموو تێچووەی بۆ وڵاتەکەمان هەیبووە، دەبێ ئەمڕۆ لە هەموو شوێنێک بەهانامانەوە بێت، بەتایبەت لە بواری ئاسایش دا. زانستی ئەتۆمی دەبێ بمانگەیێنێتە ئاستێکی یەکسان بۆ دانوستاندن."
 
ئاماژە بەوەش دەکات ئەم ساڵ ساڵێکی هەستیار و چارەنووسسازە بۆ ئێران، دەڵێت "پێویستە بە پلان و لۆژیکی شۆڕشگێرانە رێگەیەک هەڵبژێردرێت کە بەرژەوەندیی نیشتیمانی بپارێزرێت و سەربەخۆیی و شکۆی نیشتیمانی و ئایینیمان رووبەڕووی هەڕەشە نەبێتەوە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئێران: پێویستە بژاردەی سەربازی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵمان هەڵبگیرێت

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی بۆ رێککەوتن ئامادەیە. ئاماژە بەوەش دەکات، هەنگاونان بەرەو پێشەوە پێویستی بەوەیە "بژاردەی سەربازی" بەرامبەر وڵاتەکەی هەڵبگیرێت. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش دەڵێت، ئەگەر گفتوگۆ لەگەڵ ئێران ئەنجامی نەبێت، بژاردەی سەربازی دێتە پێش