سعودیە بانگهێشتی وەزیری دەرەوەی سووریا دەکات

30-12-2024
ساڵح قادر @salihqadr
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی حکومەتی کاتی سووریا رایگەیاند، بانگهێشتنامەیەکی فەرمی لە هاوتا سعودییەکەی بەدەستگەیشتووە بۆ ئەوەی سەردانی سعودیە بکات، ئەویش بانگهێشتنامەکەی قبوڵ کردووە.
 
دووشەممە، 30-12-2024 ئەسعەد حەسەن شیبانی، وەزیری دەرەوەی حکومەتی راگوزەری سووریا لە ئێکسدا رایگەیاند: "بانگهێشتێکی فەرمیم لە فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعوود، وەزیری دەرەوەی شانشینی عەرەبی سعوودییەوە پێگەیشت بۆ سەردانی شانشینەکە."
 
وەزیری دەرەوەی حکومەتی راگوزەری سووریا دەڵێت بانگهێشتەکەی قبوڵ کردووە. دەشڵێت: "شانازی دەکەم بە نوێنەرایەتیکردنی وڵاتەکەم لە یەکەمین سەردانی فەرمیدا."
 
ئەسعەد شیبانی لە ئێکسەیدا ئاماژەی بە کاتی سەردانەکەی بۆ سعودیە نەداوە، بەڵام دەبێتە یەکەم سەردانی بەرپرسێکی حکومەتی نوێی سووریا بۆ دەرەوەی وڵاتەکە.
 
وەزیری دەرەوەی حکومەتی راگوزەری سووریا لە کۆتایی ئێکسەیدا نووسیویەتی: "چاوەڕێی بونیاتنانی پەیوەندیی ستراتیژین لەگەڵ براکانمان لە شانشینەکە لە هەموو بوارەکاندا."
 
رۆژی 21ـی کانوونی یەکەمی 2024، شەیبانی تەمەن 37 ساڵ و لەدایکبووی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان وەک وەزیری دەرەوە لە حکومەتی نوێی سووریا دەستنیشان کرا. 
 
شەیبانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمان و ئەدەبی ئینگلیزی لە زانکۆی دیمەشق بەدەستهێناوە و یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی (حکومەتی رزگاریی سووریا) لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) لە ئیدلب.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە