پزیشکێکی کورد دوای گەڕانەوەی لە غەززە: حەماس نەخۆشخانەکان بۆ حەشاردانی سەرکردەکانی بەکاردەهێنێت

28-05-2024
ئەحمەد حەمید
دکتۆر بەختیار بارام، پزیشکی نەشتەرگەریی ئێسک میوانی بووڵتەنی کاژێر 12:00ی رووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات
دکتۆر بەختیار بارام، پزیشکی نەشتەرگەریی ئێسک میوانی بووڵتەنی کاژێر 12:00ی رووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ
 
پزیشکێکی کورد چوار هەفتە لە غەززە چارەسەری بریندار و بریندارانی فەلەستینی کردووە لە دوو نەخۆشخانەی غەززە و دەڵێت خەڵک زۆر پەرێشانە "تەنانەت پێویستییان بە قوومێک ئاوە". هەروەها دەڵێت "سەرکردەکانی حەماس لەنێو نەخۆشخانەکاندان، من خۆم لەنێو نەخۆشخانەکان دا قسەم لەگەڵ کردوون".
 
دکتۆر بەختیار بارام، پزیشکی نەشتەرگەریی ئێسک، بەشداری لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کرد کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، باسی لەو چوار هەفتەیە کرد کە لە غەززە بەشداربووە لە چارەسەرکردنی بریندارانی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە. 
 
دکتۆر بەختیار بارام، باسی لە خەڵکی غەززە کرد و گوتی: "لە دۆخێکی خراپدان و زۆرینەی ئەوانەی لەنێو غەززەن پارەیان نییە و تەنانەت پێویستییان بە قوومێک ئاوە".
 
دکتۆر بەختیار بارام، باسی ئەوەشی کرد کە حەماس نەخۆشخانەکان بۆ خۆحەشاردان بەکاردەهێنێت و گوتی: "نەخۆشخانەکانی غەززە لەلایەن حەماسەوە بۆ حەشاردانی سەرکردەکانی بەکاردەهێنرێن و، سەرکردەکانی حەماس لەنێو نەخۆشخانەکاندان، من خۆم لەنێو نەخۆشخانەکان دا قسەم لەگەڵ کردوون، یەکێک لەوان منیر ئەلبەرش بوو، کە یەکێکە لە سەرکردەو دامەزرێنەرانی حەماس".
 
دکتۆر بەختیار لەگەڵ رێکخراوی نۆرواکی نەرویجی و لەگەڵ چەند پزیشکێکی دیکە چووەتە غەزە، لە 28ی نیسان تاوەکو 22ی ئایاری 2024 لە غەززە ماوەتەوە، لە نەخۆشخانەکانی (عەودە) و (کەمال عەدوقن) لە باکووری غەززە وەک پزیشکێک بەشداربووە لە نەشتەرگەری کردن بۆ بریندارانی فەلەستینی. 
 
ئەو پزیشکە کوردە دەڵێت: "حەماس خۆشەویستییەکی زۆری لەنێو خەڵکی غەززەدا نییە و، ئەوانەی ئێستا پشتگیریی حەماس دەکەن نزیکەی 10٪ـی دانیشتووانی غەززەن، بەڵام حەماس بەهێز خەڵک ناچاری خواستەکانی دەکات".
 
لەبارەی ئەو هاوکارییانەی کە بۆ خەڵکی لێقەوماوی غەززە دەنێردرێن، ئەو پزیشکە گوتی: "لە غەززە گرووپی مافیایی هەن، هەر گرووپێک ژمارەیەک کەسن و دەست بەسەر ئەو کەلوپەل و پێداویستییانەدا دەگرن کە بۆ غەززە دێن و دواتر لە بازاڕی رەش دا دەیانفرۆشن، حەماسیش سوود لەو گرووپانە وەردەگرێت".
 
دکتۆر بەختیار بارام گوتی: "ئێمە بە رەزامەندیی ئیسرائیل چووینە نێو غەززە و شوێنی نیشتەجێبوونمان لەنێو نەخۆشخانەکان بوو، هەر لەنێو نەخۆشخانەکان جێگە هەبوو تەرخان کرابوو بۆ کەسی تایبەت و رێگەیان نەدەدا بریندار و نەخۆشی دیکە بچنە ئەو شوێنانە". گوتیشی: "ئەو ماوەیەی من لەوێبووم بەردەوام بۆردوومان هەبوو، تەنانەت نزیکی نەخۆشخانەکانیش بۆردوومان دەکرا".
 
رۆژی یەکشەممە سوپای ئیسرائیل هێرشێکی فراوانی دەستپێکرد بۆ سەر شاری رەفەح لە باشووری غەززە. تەندروستیی غەززە دەڵێت: "لە کوشتارگەکەی رەفەح" 45 کەس لە ئاوارەکان گیانیان لەدەستدا ؛ 23ـیان ژن، منداڵ و بەساڵاچوو بوون و 249 کەسی دیکەش برینداربوون.
 
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشەکەوە دەڵێت، فڕۆکەیەکی ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر "کۆمەڵگەیەکی حەماس کە جموجۆڵی حەماسی تێدابووە."
 
نەتەوە یەکگرتووەکان، ئیسپانیا، ئیتاڵیا، نەرویج، ئێرلەندا و ژمارەیەک لە وڵاتانی دیکەی رۆژئاوایی سەرکۆنەی هێرشی سەر کەمپی رەفەحیان کرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە