بە ڤیدیۆ؛ ئیسرائیل چەندین پێگەی حووسییەکانی یەمەنی کردە ئامانج

19-12-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
دیمەنی ئاگرەکەوتنەوە لە بەندەری حودەیدە بەهۆی بۆردوومانەکە
دیمەنی ئاگرەکەوتنەوە لە بەندەری حودەیدە بەهۆی بۆردوومانەکە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند هێرشێکی ئاسمانییان کردە سەر ژێرخانی وزەی حووسییەکانی یەمەن، دوای ئەوەی حووسییەکان مووشەکێکیان ئاراستەی ئیسرائیل کرد.

 

ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 19ـی کانوونی یەکەمی 2024) سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشێکی ئاسمانییان کردووەتە سەر پێگە سەربازییەکانی حووسییەکانی یەمەن لە شاری سەنعای ئەو وڵاتە. 
 
بەگوێرەی میدیای حووسییەکان، لە هێرشە ئاسمانییەکەدا؛ وێستگەی کارەبا، دامەزراوەی نەوت و بەندەری حودەیدە کراونەتە ئامانج و بەهۆیەوە چەندین کەس کوژران و بریندار بوون. 
 
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەبارەی هێرشەکەوە گوتی، "هۆشداری بە سەرکردەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی حووسییەکان دەدەم: قۆڵی درێژی ئیسرائیل، دەگاتە ئێوەش."
 
کەناڵی (مەسیرە)ـی سەر بە حووسییەکان رایگەیاند، زنجیرەیەک "هێرشی شەڕانگێزییانە" کراوەتە سەر بەندەی حودەیدییە لە شاری سەنعا. 
 
کەناڵی حووسییەکان هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا دوو وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە دەورووبەری سەنعا و بەندەی حودەیدە و دامەزراوەیەکی نەوت کراونەتە ئامانج. 
 
بەگوێرەی کەناڵەکە، لە هێرشەکەی ئیسرائیل دا بۆ سەر بەندەری حودەیدە چەندین کەسێک گیانیان لەدەستداوە.
 
هێرشەکەی ئیسرائیل دوای ئەوە هات، سوپای ئیسرائیل مووشەکێکی خستە خوارەوە کە لە یەمەنەوە لەلایەن حووسییەکانەوە ئاراستەیان کرابوو، ئەوەش دووەم مووشەک بوو لەم هەفتەیەدا حووسییەکان ئاراستەی ئیسرائیلی بکەن. 
 
رۆژی دووشەممە، حووسییەکان رایانگەیاند، مووشەکێکیان ئاراستەی "پێگەیەکی سەربازیی ئیسرائیلی دووژمن لە بەندەری یافا" کردووە. 
 
هەر هەمان رۆژ، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، کەشتییەکی سەربازیی ئەو وڵاتە لە دەریای نێوەڕاست درۆنێکی خستووەتە خوارەوە کە لە یەمەنەوە ئاراستە کراوە. 
 
رۆژی 9ـی ئەم مانگەش، درۆنێک باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی لە شاری یەفنەی ئیسرائیل کردە ئامانج، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبوو، دواتر حووسییەکان بەرپرسیاریێتی خۆیان لە هێرشەکە راگەیاند. 
 
لەوکاتەوەی جەنگی غەززە دەستیپێکردووە، حووسییەکان وەکو هاوسۆزییەک بۆ فەلەستینییەکان، ناوە ناوە هێرش دەکەنە سەر ئەو کەشتییە بازرگانییانەی کە بە دەریای سوور تێدەپەڕن. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە