حووسییەکان دەڵێن، هێرشیانکردووەتە سەر فڕۆکەخانەیەکی تەلئەڤیڤ

17 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی دوێنێ شەو ئیسرائیل هێرشی کردە سەر فڕۆکەخانەی سەنعا و چەند پێگەیەکی حووسییەکانی بۆردوومان کرد، ئەمڕۆ حووسییەکان رایانگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەیەکی تەلئەڤیڤی ئیسرائیل. 
 
رۆژی هەینی، 27ـی کانوونی یەکەمی 2024، حووسییەکان لە راگەیێندراوێکدا رایانگەیاند، مووشەکێک و درۆنێکیان ئاراستەی فڕۆکەخانەی بێن گوریۆن لە تەلئەڤیڤ کردووە. 
 
حووسییەکان هەروەها دەڵێن، جگە لە بەئامانجگرتنی فڕۆکەخانەی بێن گوریۆن، بەبێ ئەوەی وردەکارییەکانی ئاشکرا بکات، هێرشییان کردووەتە سەر کەشتییەک لە دەریای عەرەبی. 
 
لە راگەیێندراوەکەی حووسییەکاندا هاتووە: "سەرەڕای رێگری سیستەمی بەرگریی دووژمن، مووشەکەکە بە سەرکەوتووانە گەیشتووەتە ئامانجەکەی و ئۆپەراسیۆنەکە کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە."
 
سوپای ئیسرائیل لە وەڵامی راگەیێندراوەکەدا گوتی، مووشەکەکەیان خستووەتە خوارەوە و دوای 30 خولەکیش گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە دەستیانپێکردووەتەوە. 
 
هێرشەکەی حووسییەکان دوای ئەوە هات، دوێنێ پێنجشەممە، ئیسرائیل بە فڕۆکە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعا و چەند پێگەیەکی یەمەنی کردە ئامانج.
 
حووسییەکان رایانگەیاند، لە هێرشەکان سێ کەس کوژراون و 11ـی دیکەش برینداربوون. سێ کەسی دیکەش لە بەندەری رەئس عیسا بێسەروشوێنن.
 
رۆژی 24ـی ئەم مانگە، حووسییەکان هێرشێکی درۆنییان کردە سەر شاری تەلئەڤیڤ و ئەشکیلۆنی ئیسرائیل. 
 
سوپای ئیسرائیل رۆژی 21ـی ئەم مانگەش رایگەیاند، لە خستنەخوارەوەی مووشەکێکی حووسییەکان شکستیان هێناوە کە ئاراستەی وڵاتەکەیان کرابوو و بەو هۆیەوە 16 کەس "بە سووکی" بریندار بوون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە