رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا بە "باندی تیرۆریستی" ناودەبات و دەشڵێت، "هەڕەشەی ئاشکرا لەلایەن ئەردۆغانەوە بۆ سەر خۆبەڕێوەبەری کورد (لە رۆژئاوای کوردستان) هەیە."
رۆژی هەینی، 27-12-2024 گیدیۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەیەکدا لە وەزارەتەکەی لەبارەی دۆخی سووریا گوتی: "لە جیهاندا خەڵک باسی گۆڕانکارییەکی رێکخراوەیی رژێم لە سووریا دەکەن، بەڵام ئەوەی روویداوە وەک ئەوە نییە حکومەتێکی نوێ بەشێوەیەکی دیموکراسی چووبێتە سەر دەسەڵات."
سار بەو جۆرە باسی دەسەڵاتدارانی نوێی سووریای کرد کە "باندێکی تیرۆریستین کە سەرەتا لە ئیدلیب بوون، دواتر دەستیان بەسەر دیمەشقی پایتەخت و ناوچەکانی دیکەدا گرت."
رۆژی 08-12-2024 چەکدارانی دەستەی تەحریری شام و گرووپە هاوپەیمانەکانی چوونە نێو دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل زیاتر لەبارەی دۆخی سووریا قسەی کرد و گوتی: "جیهان دەیەوێت رژێمێکی سەقامگیر لە سووریا ببینێت، چونکە وڵاتان دەیانەوێت ئەو کەسانە بگەڕێننەوە کە پێشتر لە سووریا هەڵاتبوون، بەڵام ئەوەی ئێستا دەبیندرێت بەو جۆرە نییە."
"شەڕ لەگەڵ عەلەوییەکان هەیە؛ هەڕەشەی ئاشکرا لەلایەن ئەردۆغانەوە بۆ نەهێشتنی خۆبەڕێوەبەری کورد هەیە؛ هەراسانکردنی کۆمەڵگەی کریستیانیش هەیە." گیدیۆن سار وای گوت.
وەزیرە ئیسرائیلییەکە لە کۆتاییدا گوتی: "حکومەتی نوێی سووریا، رژێمێکی ئیسلامییە کە دەیەوێت کۆنترۆڵی هەموو سووریا بگرێتە دەست."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ