نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە ئیسرائیل دەکات سەربازەکانی لە باشووری لوبنان بکشێنێتەوە

27-12-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان داوا لە ئیسرائیل دەکات پابەندی نێوەڕۆکی ئاگربەستەکەی لەگەڵ حیزبوڵڵا ببێت و هێزەکانی لە باشووری ئەو وڵاتە بکشێنێتەوە. 
 
رۆژی (پێنجشەممە، 26ـی کانوونی یەکەمی 2024)، هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیفیڵ) لە لوبنان لە راگەیێندراوێکدا نیگەرانی خۆی لەبارەی ئەو "زیانە بەردەوامە راگەیاند کە ئیسرائیل بە باشووری لوبنانی دەگەیێنێت."
 
لە راگەیێندراوەکەی یونیفیڵدا هاتووە: "نیگەرانی لەبارەی وێرانکارییە بەردەوامەکانی هێزی بەرگریی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون، زەوی کشتوکاڵی و تۆڕەکانی رێگاوبان لە باشووری لوبنان هەیە."
 
هێزە ئاشتیپارێزەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختییش لە جێبەجێکردنی 1701ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەستبەجێ کشانەوەی سوپای ئیسرائیلی لە باشووری لوبنان کردووەتەوە. 
 
بڕیارنامەی ژمارە 1701ـی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆتایی بە جەنگی 2006ـی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل هێنا، داوا دەکات سەربازانی سوپای لوبنان و هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر سنووری باشووری لوبنان جێگیربکرێن، کە شوێنی هەژموونی حیزبوڵڵایە.
 
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی لوبنان رایدەگەیێنێت، ئیسرائیل رۆژی پێنجشەممە ئۆپەراسیۆنێکی "زۆر چڕی" لە باشووری لوبنان کردووە. 
 
رۆژی 23ـی ئەم مانگە، نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان داوای لە ئەمریکا و فەرەنسا کرد، لە پڕۆسەی سەربازانی ئیسرائیل یارمەتی ئەو وڵاتە بدەن، ئەوەش دوای  مانگێک راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا دێت.
 
ئەمریکا و فەرەنسا لەگەڵ هەریەکە لە ئیسرائیل، لوبنان و هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەندامی ئەو لیژنەیەن کە بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی ئاگربەست پێکهێندراوە. 
 
هەروەک لە رێککەوتنەکە ئاماژەی پێکراوە، دەبێت سوپای لوبنان و هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان بچنە باشووری لوبنان و سوپای ئیسرائیلیش دەبێت لەماوەی 60 رۆژدا لەو ناوچەیە بکشێتەوە. 
 
دوای زیاتر لە ساڵێک شەڕ و ئاڵۆزی، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە 27ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ کەوتە واری جێبەجێکردن.
 
لەوکاتەوەی کە ئاگربەستەکە راگەیێندراوە، هەردوولا یەکدی بە پێشێلکردنی نێوەڕۆکی ئاگربەستەکە تۆمەتبار دەکەن. 
 
هەروەها سەرۆکوەزیرانی لوبنان ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ رێککەوتن لەبارەی هەموو ناکۆکییەکان دەربارەی هێڵی شین راگەیاند. 
 
هێڵی شین، ئەو هێڵە سنووریەیە کە ساڵی 2000، نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێوان لوبنان، ئیسرائیل و لوبنان و بەرزاییەکانی جۆلاندا کێشای بۆ ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ پشت ئەو هێڵە بکشێنەوە.
 
راگەیاندنی ئاگربەستەکە دوای ئەوە هات، کابینەی جەنگی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتیی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە کۆبووەوە و ئەو پێشنیازی ئاگربەستەی قبووڵکرد کە چەندین هەفتە بوو ئەمریکا کاری لەسەر دەکرد. 
 
قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکە بۆ 60 رۆژ دەبێت و لەو ماوەیەدا کار بۆ بە هەمیشەییکردنی دەکرێت.
 
دەبێت سوپای ئیسرائیل لەو ماوەیەدا هیچ ئۆپەراسیۆنێک لەنێو لوبنان نەکات؛ لە باشووری لوبنان بکشێتەوە؛ 5000 سەربازی سوپای لوبنان شوێنی چەکدارانی حیزبوڵڵا لە باشووری ئەو وڵاتە بگرنەوە. 
 
دەبێت هەردوولا دان بە بڕیاری 1701ـی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بنێن کە داوای چەکدانان لە گرووپە چەکدارەکانی لوبنان و جێگیرکردنی هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە باشووری ئەو وڵاتە دەکات. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 ئەحمەد شەرع و  شێخ حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە. وێنە: AFP

ئەحمەد شەرع و شای بەحرەین کۆدەبنەوە

میدیای فەرمیی بەحرەین رایگەیاند، شێخ حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە، شای ئەو وڵاتە پێشوازی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا کردووە، ئەمەش نوێترین دیداری سەرۆکە کاتییەکەیە لەگەڵ سەرۆکەکانی ناوچەکەدا لەدوای گرتنەدەستی دەسەڵات لە مانگی کانوونی یەکەم.