ئیسرائیل: مووشەکێکمان خستەخوارەوە کە لە یەمەنەوە ئاراستەکرابوو

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، مووشەکێکیان خستووەتە خوارەوە کە لە یەمەنەوە ئاراستە کراوە، ئەوەش دوای رۆژێک لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەنعای پایتەختی یەمەن.
 
رۆژی شەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2024، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "مووشەکێک کە لە یەمەنەوە ئاراستە کرابوو، پێش ئەوەی سنوورەکانی ئیسرائیل تێپەڕێنێت، خستمانە خوارەوە."
 
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە نەکردووە کە لە کام ناوچەی مووشەکەکە خراوەتە خوارەوە، بەڵام دانیشتوانی تەلئەڤیڤ دەنگی تەقاندنەوەی مووشەکێکیان بیستووە.
 
دوێنێ هەینی، حووسییەکان لە راگەیێندراوێکدا رایانگەیاند، مووشەکێک و درۆنێکییان ئاراستەی فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لە تەلئەڤیڤ کردووە.
 
لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، مووشەکەکەیان خستووەتە خوارەوە و دوای 30 خولەکیش گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە دەستیانپێکردووەتەوە. 
 
هێرشەکەی حووسییەکان دوای ئەوە هات کە رۆژی 26ـی ئەم مانگە، ئیسرائیل بە فڕۆکە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعا و چەند پێگەیەکی یەمەنی کردە ئامانج.
 
حووسییەکان رایانگەیاند، لە هێرشەکان سێ کەس کوژراون و 11ـی دیکەش بریندارن. سێ کەسی دیکەش لە بەندەری رەئس عیسا بێسەروشوێنن.
 
بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، لە تشرینی یەکەمی 2023ەوە حووسییەکان بە زیاتر لە 200 مووشەک و 170 درۆن هێرشییان کردووەتە سەر ئیسرائیل کە بەشی هەرە زۆریان خستوونەتە خوارەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە