عێراق پێشوازی لە ئاگربەستی لوبنان دەکات و داوایەکیشی لەبارەی جەنگی غەززە هەیە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبەر حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

عێراق پێشوازی لە راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان دەکات. داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بەپەلە کار بۆ ئاگربەستی غەززە بکەن. 
 
رۆژی (چوارشەممە، 27-11-2024)، وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوا دەکات، "هەوڵە نێودەوڵەتییەکان چەند هێندە بکرێن بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر جۆرە گرژییەک بەدرێژایی سنووری لوبنان و ئیسرائیل."
 
وەزارەتی دەرەوە هەروەها داوای هەوڵی جدی و دەستبەجێ بۆ "کۆتاییهێنان بە کۆمەڵکوژی و تووندوتیژی بەردەوام لە دژی خەڵکی فەلەستین لە کەرتی غەززە دەکات."
 
ئاگربەستی ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان کاژێر 4:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە کاتی بەیرووت (05:00ـی بەرەبەیان بە کاتی هەولێر) کەوتە واری جێبەجێکردنەوە. ئاگربەستەکە لەسەر داوای ئەمریکا بوو و هەردوو حکومەتی لوبنان و ئیسرائیل پێی رازی بوون.
 
قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکە بۆ 60 رۆژ دەبێت و لەو ماوەیەدا کار بۆ بە هەمیشەییکردنی دەکرێت.
 
بەپێی ئاگربەستەکە، دەبێت سوپای ئیسرائیل لەو ماوەیەدا هیچ ئۆپەراسیۆنێک لەنێو لوبنان نەکات، لە باشووری لوبنان بکشێتەوە، 5000 سەربازی سوپای لوبنان شوێنی چەکدارانی حیزبوڵڵا لە باشووری ئەو وڵاتە بگرنەوە.
 
دەبێت هەردوولا دان بە پڕۆژە بڕیاری 1701ـی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بنێن کە داوای چەکدانان لە گرووپە چەکدارەکانی لوبنان و جێگیرکردنی هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە باشووری ئەو وڵاتە دەکات.
 
لەدوای راگەیاندنی ئاگربەستەکە، بزووتنەوەی حەماسیش ئامادەیی خۆی بۆ ئاگربەستێکی جیدی دەربڕی. 
 
بەرپرسێکی باڵای ئەو بزووتنەوەیە کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "بە نێوەندگیرەکانمان لە میسر، قەتەر و سعودیە گوتووە کە بۆ رێککەوتنی ئاگربەست و رێککەوتنێکی جیدی بۆ ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانییان ئامادەن."
 
جەنگەکە زیاتر لە ساڵێک بوو بەردەوامبوو، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، جەنگەکە بووەتە هۆی کوژرانی سێ هەزار و 768 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 15 هەزار کەسی دیکە لە لوبنان.
 
ئیسرائیلیش کوژرانی 73 سەرباز و 45 هاووڵاتیی سڤیلی خۆی راگەیاندووە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە